
حەوشین چۆن بوو بە هەفت سین؟
تاهیر قاسمی
بەرچاوترین نەریتی جێژنی نەورۆز لەنێو ئێرانییەکاندا، ڕاخستن و ڕازاندنەوەی سفرەی حەوسینە. ئەویش بریتییە لە خوانێک کە شەش خواردمەنیی لەسەر داندراوە و سەرجەمیان بە پیتی "سین" دەست پێ دەکەن. خواردنەکانیش بریتین لە سرکە، سماق، سەمەنی، سنجوو، سێو و سیر کە ئەم شەش خواردنە لەگەڵ گیایەک کە لە قاپێکدا شین کراوەتەوە و "سەبزە"ی پێ دەڵێن، سفرەی هەفت سین پێکدەهێنن. لە پاڵ ئەوانەدا بڕێک وردە پووڵ یان سکە، چەند مۆم، قورئان یان دیوانی شاعیرێک، ئاوێنە، نانێکی پان و قاپێک ئاو دادەندرێ و سفرەکە بە شیرنی، بتڵێکی شووشەیی پڕ لە ئاو کە ماسی سووری تێدایە، دەفرێک شیر و چەند هێلکەی ڕەنگکراو دەڕازێندرێتەوە.
وەک سروشتی هەر نەتەوەیەکی بندەست، فەرهەنگی نەتەوەی باڵادەست شەقڵی بەسەر کولتووری کوردەکانی ڕۆژهەڵاتیشدا بەجێهێشتوە و فەرهەنگی ڕاخستن و ڕازاندنەوەی سفرەی حەوسین بە تایبەت لە شارەکانی کوردستانیشدا کەم و زۆر باوە.
بەڵام ئاخۆ حەوسین هیچ پێوەندی بە کوردەوە هەیە؟
سەبارەت بە بنەما و مێژووی ڕاخستنی سفرەی حەوسین لەنێو ئێرانیەکاندا باس و خواسی جۆراوجۆر هاتووەتە ئاراوە. ئەوەندەی دەگەڕێتەوە سەر ژمارەی ٧، ئەوە لە ئایینە کەوناراکانی وەک میترایی و زەردەشتیدا ژمارەیەکی پیرۆز بووە. لە میتراییدا پلەکانی ئایینی ٧ پلەن کە حەوتەمینیان، گەورەترین پلەیە و پێگەی میترا خۆیەتی. لە ئایینی زەردەشتیشدا، حەوت، ژمارەی ئەمشاسپەندانی پیرۆزە. ئەمانە یان یەک لەوان دەکرێ لە دانانی ژمارە ٧ی حەوسیندا ڕەنگی دابێتەوە. بەڵام لەسەر واتا و هۆی هەڵبژاردنی پیتی "سین" بۆچوونی جیاواز هەیە؛
کەسانێ پێیان وایە ئەمە هەمان وشەی "سینی" بە واتای مەجۆعمەیە کە خواردنەکانی لەسەر دادەندرێ. "سینی"ش هەمان دەفر و ئامانی چینی یان صینییە کە لە وڵاتی چینەوە دەهات و لە سەردەمی کۆندا دەفری بەنرخ و بەها بوو. بۆچوونی دیکە کە هی ئەبووڕەیحانی بیروونییە، دەڵێ وشەکە لە "هەفت صنف" کەوتووەتە کە "صنف" وشەیەکی عەرەبییە بە مانای دانەوێڵە. دواتر ئەم هەفت صنفە بووە بە هەفت صن و پاشان هفت سین. بۆچوونێکیش پێی وایە لە بنەڕەتدا حەوت "شین" بووە کە بە شەراب و شەکر و شیر و تاد.. دەڕازایەوە، بەڵام چونکە دوای هاتنی ئیسلام شەراب حەرام کرا، حەوشینیش جێگای خۆی بۆ حەوسین بەجێ هێشت.
کۆنترین بەڵگەیەک کە سەبارەت بە حەوسین هەیە، هی ئەبورەیحانی بیروونییە. بیروونی لە کتێبی "آثار الباقیە"دا کە بە زمانی عەرەبی نووسیویەتی، دەڵێ؛ "دوای ئەوەی جەمشید بە سەر ئەهریمەندا سەرکەوت کە بەری خێر و بەرەکەت و بارانی شینبوونەوەی گژ و گیای گرتبوو، دیسان باران دایکردەوە و گیا شین بوونەوە، خەڵک گوتیان ڕۆژی نوێ (واتە ڕۆژێکی نوێ و چاخێکی تازە) هاتوە. بۆیەش هەر کەس قاپێک جۆی چاند و خەڵک لە ڕۆژی نەورۆزدا، لە حەوت قاپدا، حەوت جۆرە دانەوێڵەیان چاند و شین کرد."
رەنگە ئەبورەیحان خۆشی نەیزانیبێ کە ئەوەی ئەو باسی دەکا، "حەوت شین"ە کە تەنیا لە زمانی کوردیدا واتای هەیە؛ حەوت دانەوێڵەی شینبوو. یەک لە واتاکانی "شین بوون" لە زمانی کوردیدا، ڕوانەوە، سەوزبوون و چەکەرەکردنی گژ و گیایە. حەوت شین ئەو حەوت قاپە بوون کە بە وتەی بیروونی، هەر یەکەی جۆرێک دانەوێڵەیان تێدا چێندرابوو.
بەشێک لەو کەسانەی پێیان وایە حەوسین لە بنەڕەتدا حەوشین بووە، بێجگە لە حەرامبوونی شەراب، هۆیەکی دیکەش بۆ گۆڕانی شین بە سین دێننەوە کە ئەویش نیزیکبوونی شوێنی دەرکەوتنی دوو پیتی س و ش لەکاتی گوتنیدایە. دیارە ئەوان هۆکارە سەرەکییەکە نازانن کە "شین"ی "حەوشین" مانای لە زمانی کوردیدا هەیە و لە زمانی فارسیدا بێ واتایە. فارس وشەی شینی بە هیچکام لە واتاکانی ڕەنگی شین، گریان بۆ مردوو یا سەوزبوونی گژ و گیا وەرنەگرتوە. لە بەرامبەر شیندا، ئەوان "سەبز" بەکار دێنن کە وشەیەکی هاوبەشی کورد و فارسە. هەر بۆیەش بەو شین و شینکە نەورۆزیانەیان وتووە "سەبزە". جا چونکە سەبزە بە پیتی "سین" دەست پێ دەکا و شینیش لایان بێ واتا بووە، سەرەتا "حەوت شین"یان کردوە بە "حەوت سەبزە" و لەوەشەوە "هەفت سین"یان لەجێی حەوت شین داناوە کە دەزانین هیچ پێوەندیەکی لەگەڵ وشە و نەریتە سەرەکییەکەدا نەماوە.
بەپێچەوانەی زۆربەی نەریتەکانی جێژنە کەوناراکانی دانیشتوانی زنجیرە چیاکانی زاگرۆس کە دەگەڕێنەوە سەر ژیانی ئاژەڵداری بە تایبەت مەڕداری، حەوشین پتر پێوەندی بە ژیانی کشتوکاڵ و جووتیاریەوە هەیە. ئەو شینبوونەوانە ڕۆڵی تاقیکارییان هەبووە. بەو واتایە کە هەر کام لە دانەوێڵەکان زووتر، باشتر و جوانتر شین بووبا، نیشانەی ئەوە بووە کە ئەو ساڵە دەبێ زیاتر گرینگی بە چاندنی ئەو جۆرە دانەوێڵەیە بدرێ. لە بەرامبەریشدا ئەگەر یەک یان چەند لە دانەوێڵەکان خراپ شین بووبن یان کوێرەیان زۆر بووبێ، ئەوە ئەو ساڵە بەروبوومی ئەو جۆرە دانەوێڵەیە خراپ دەبێ و باشترە زۆر خۆی پێوە ماندوو نەکەن. شینبوونەوەی هەر حەوت دانەوێڵەکە مزگێنییەکی خۆشی بۆ وەرزێری خاوەن مووچە و مەزرا پێ بووە. جووتیار ئەم شینبوونەی وەک بەرکوتێک لە خەرمانی پڕ بەرەکەتی ساڵ پەژراندوە و بە هومێدی زیاترەوە سەرەتای ساڵ و سەرەتای وەرزی کشتوکاڵی دەست پێ کردوە. هەڵبەت جووتیارانی زاگرۆس هەتا ئێستاش، لە پەنا کاری کشتوکاڵدا، بە ڕاگرتنی چەند سەر مەڕ و بزن یان گا و گامێش، ئاژەڵداریشیان کردوە. لە بەر و بوومی ئەم ئاژەڵانە و لەو خواردنانەی کە لە دانەوێڵەکان وەک سەرەکیترین سەرچاوەی خۆراک و خواردەمەنی، سازیان کردوە، سفرەی حەوت شینیان ڕازاندووەتەوە. جا چ خواردنەکانی سەر ئەو سفرەیە بە پیتی "ش" دەستیان پێ کردبێ یان هەرچییان بۆ ئامادە کرابێ لە سەر خوانی نەورۆز دایانناوە.
ئەو خواردنانەی کە لە سەر خوانی حەوسین دادەندرێن، ئەگەرچی ڕەنگە فەلسەفە و واتای جۆراوجۆریان بۆ داتاشیبن، بەڵام لەگەڵ خواردنی ڕاستەقینە و خواردەمەنییەکانی سەر سفرەی کۆتایی زستان و سەرەتای بەهاری ناوچەیەکی کوێستانی ناتەبان. بۆ وێنە لە ڕۆژی نەورۆزدا کە هێشتا بەفر بە تەواوی ناتوێتەوە و دار سێوەکان تەنانەت گوڵیشیان نەکردوە، دانیشتووانی سەد ساڵ و دوو سەد ساڵ لەوە پێشی ئەو چیا و کوێستانانە سێویان لەکوێ بووە تا سفرەی حەوسینی پێ بڕازێننەوە؟ لە لایەکی دیکە بەشێک لە سینەکان وەک سرکە و سماق و سیر لە بنەڕەتدا بۆ تامدان بە خواردن کەلکیان هەیە و بە تەنێ پێخۆر نین. سفرەیەکیش کە خواردنەکانی سرکە و سنجوو و سیر و سماق و سێو بێ، هیچ ژەمێک پڕ ناکاتەوە. ئاقڵیش نایبڕێ کۆمەڵانی خەڵک کە نیزیک بە تەواویان نەخوێندەوار بوون، تەنیا بە هۆی بارە فەلسەفیەکە و پیتی دەسپێکی ناوی خواردنەکە، سفرەی خۆیان بەو خواردنانە ڕازاندبێتەوە.
لە بەرامبەر قاتی و قڕیی پیتی سیندا، کورد بۆ ڕازاندنەوەی خوانێک کە خواردنەکانی بە پیتی "شین" دەست پێ دەکەن، لە ڕابردوو و ئێستاشدا دەستی زۆر ئاوەڵاترە. بە هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی هەنبانە بۆرینە تووشی کۆمەڵێکی زۆر چێشت و خواردەمەنی دەبین کە بە پیتی "ش" دەست پێ دەکەن و لە سەرتەنوور و چێشتخانەی کوردی بە سانایی دەستەبەر دەبن. شیو، شۆرباو، شلە، شلکێنە، شیر یان شۆت(١)، شیربرینج، شەلەمین(٢)، شنگال(٣)، شڤار(٤)، شەمبەلووت(٥)، شفتە یا شامی کەباب، شردان(٦)، شۆرمەزە، شۆرتان(٧)، شیرێژ، شۆرجە(٨)، شوڤال(٩)، شەشترنگە، شەکرپەنیر(١٠)، شەکربادام(١١)، شۆتینە(١٢)، شۆک، شەربەت، شەراو، شەکراو و شو(١٣) بەشێک لەو خواردن و خواردنەوانەن کە بە پیتی شین دەست پێ دەکەن و بۆ هەر کامیان دەکرێ فەلسەفە و واتای تایبەت بدۆزرێتەوە. بە سەرنجدان بە دەسپێکی زاوزێی مەڕ لە ڕۆژی نەورۆزدا، "شیرێزنج" یان فرۆ کە لە ژەک وەک یەکەم شیری مەڕ ساز دەکرێ، دەتوانێ یەک لە خواردنە گرینگەکانی ئەو ڕۆژە بێ.
خۆ ئەگەر لە پێکهاتەی سفرەی حەوسینی ئێستاش ورد بینەوە، دەبینین ناوی زۆربەی کەلوپەلی سەر سفرەکە لە زمانی کوردیدا نە بە پیتی سین بەڵکوو بە پیتی شین دەست پێ دەکەن. بۆ وێنە شەم (مۆم)، شینکە (سەوزە)، شایی (کۆنترین وردەپووڵ، سکە)، شاووت (سوورە ماسی)، شیر و شیرینی. هەروەها لە سەر خوانی حەوسین نانێکی پان و گەورە دادەندرێ و ئەمەش شاتە، شکەڤا یان شلکییە کە لەنێو کوردەواریدا هەر کامیان ناوی کوللێرە یان جۆرێک نانی تەنکی پانن. بۆ مناڵانیش شاتەلی (نانە قەیسی) یان شڵانەکوت (وشکە قەیسی) ڕەنگە یەک لەدەستهاتووترین دیاری بووبێ کە بنەماڵەکان توانیویانە وەک نەورۆزانە بە مناڵانی بدەن. دەستڕۆیشتووانیش دەیانتوانی بە شیرانی و شەکرۆکە پێشوازی لە میوانە نەورۆزییەکانیان بکەن.
نەبوونی فەرهەنگی سەربەخۆ و تایبەت بۆ ڕازاندنەوەی سفرەی نەورۆزی، ڕەنگە کەمایەسییەکی ئەو جێژنە مەزنە بێ کە لەنێو کورددا هەیە. خاتوونی کورد وەک هەر کابانێک حەز دەکا هونەر و شارەزایی خۆی بۆ هەرچی جوانتر ڕازاندنەوەی خوانێکی نەورۆزی پێشان بدا. کورد ناکرێ جێژنی نەورۆز تەنیا لە هەڵکردنی ئاگر یان بەستنی جامانە و هەڵپەڕکێ و شتی ئاوادا کورت بکاتەوە. فەرهەنگی سفرەداری و خوان ڕازاندنەوە یارمەتی بە کۆبوونەوەی ئەندامانی بنەماڵە و خزمان و دەروجیران بە دەوری یەکتردا دەکا. هەر بۆیەش کورد دەبێ لەم بارەوە بە سەر کولتوور و فەرهەنگی خۆیدا بچێتەوە، ڕەگ و ماکەی ڕاستەقینەی داب و نەریتەکانی خۆی بدۆزێتەوە و ئەوانەی کە لێی دزراوە و لێی شێوێندراوە، ڕاستیان بکاتەوە. ئەو داب و نەریتانەی کە بە هۆی نەبوونی دەسەڵاتی سیاسی و فەرهەنگی، ناچار بووە جارێکی دیکە بەڵام بە شێواوی و دەستکاری کراوی لە نەتەوەی باڵادەستی وەربگرێتەوە.
فەرهەنگۆکی خواردنەکان:
١- شۆت: شیری خواردنەوە. ٢- شەلەمین: چێشتی ترخێنە. ٣- شنگال: کەلانە. ٤- شڤار: ساوار. ٥- شەمبەلووت: شابەلووت، شابەڕوو، دەنکی گەورەی بەڕوو کە لەسەر ئاور دەیبرژێنن. ٦- شردان: گۆشتی وشککراو بۆ زستان. ٧- شۆرتان: پەنیری پێستە. ٨- شۆجە: چێشتی بەربەسێڵ یان قوڕاو. ٩- شوڤال: جۆرێک ئاش. ١٠- شەکرپەنیر: جۆرێک هەڵوا. ١١- شەکربادام: جۆرێکی دیکە هەڵوا. ١٢- شۆتینە: فڕنی یان محەللەبی. ١٣- شو: هەنگوینی نەپاڵێوراو. ١٤- شاتە: نانی تیری. ١٥- شلکی: نانی سێڵی. ١٦- شلکێنە: جۆرێک کوللێرە بە هێڵکە و زەردەچێوە، جۆرێک نانی چەور، جۆرێک چێشت. ١٧- شۆک: گەزۆ، دۆشاوی ترێ، ترێ.