
بۆچی گەمارۆ بەتەنیا ناتوانێ ئێران بوەستێنێ و دەبێ سوپای پاسداران تێکشکێندرێ؟
فۆرتی فایوڤ - مایکڵ روبین
و لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەنپوور
وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لێهاتووییەکی هەیە بۆ ڕفاندنی سەرکەوتنی جووەکان بە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێراندا.
زیاتر لە یەک دەیە لەوەپێش، سەرۆک کۆمار حەسەن ڕووحانی دانی بەوە دانا کە ئابووریی ئێران بە ڕێژەی ٪۵،٤ بچووک بووەتەوە. لەوکاتدا وەزیری کاروباری دەرەوە، جان کێری دەیتوانی کەلک لە بێهیواییە ئابوورییە وەرگرێ و مەرجەکانی بەسەر ئێران دا بسەپێنێ، بەڵام لە جیاتان بە دانی یەک میلیارد دۆڵار دەستخۆشیی مانگانە بە ڕێژیمی ئێران پشتگیریی لێ کرد تا بێتە سەر مێزی دانوستان.
ئەو هەڵوێستە لە ڕوانگەی ستراتێژیکییەوە وەها دواکەوتووانە بوو کە دەکرێ وەک هۆدان بۆ بەخشینی خەڵاتی نۆبێل بە کێری بۆ قوربانیکردنی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتە یەکگرتووەکان کەلکی لێ وەرگیرێت. ئەگەرچی ئاکامەکەی ئەوە بوو کە رێککەوتنی بەرجام تەنیا ڕێککەوتنێکی سیاسی بوو نەوەک پەیماننامەیەک، کێری وەهای داڕشتبوو کە هەر وەزیرێکی کاروباری دەرەوەی داهاتوو لە بیرکردنەوە لە ئەرکدارییەکەی خۆ ببوێرێ، چونکە ئەو دەستخۆشانەکەی ئێرانی لە پێشدا دابوو.
بەخشندەییە بەربڵاوترەکەی کێری بەرانبەر بە ئێران چ لە ڕوانگەی پێویستیی و هەروەها لۆژیکییەوە، دیارییەکی بەنرختر بۆ کۆماری ئیسلامی بوو، بە تایبەت کە بەشی هەرە زۆری ئەو لێشاوە نەخدینەیە دەڕژایە نێو ئەژمارەکانی سوپای پاسدارانەوە. ئەوە بە دوو هۆ ڕووی دا: یەکەم، سوپای پاسداران خاوەنی ئەو کۆمپانیا فڕۆکەوانییە بوو کە دراوەکەی تیمی ئۆباما و هاوبەشە ئورووپاییەکانی دەگواستەوە و؛ هیچ هێزێک لە نێوخۆی ئێران نەیدەتوانی ئەو کارە بکات. دووهەم، باڵی بازرگانیی سوپای پاسداران نزیکەی سەرجەم کەرتەکانی وەبەرهێنانی کۆمپانیاکانی بیانیی قۆرغ کردبوو، لە کەرتی نەوت ڕا بگرە تا دروستکردنی ئوتومبێل و کەرتی لۆجیستیک.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی لەسەرەوە ئاماژەی پێ کرا، سیاسەتی "ئەوپەڕی زەختی" سەرۆک کۆمار ترامپ کاریگەر بوو. لۆژیکێکی مێژوویی لە پشت ئەو سیاسەتەوە بوو. بڕیاری ئایەتوڵڵا خومەینی بۆ ئازادکردنی بارمتە ئەمریکاییەکان و قبووڵی ئاگربڕ و پاشان کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران-عێراق، هەمووی ئەوانە کاتێک ڕوویان دا کە وڵات تەریک خرابۆوە و تێچووەکەی بۆ سەر ئابووری ئێران هێندە زۆر بوو کە نەدەکرا خۆی لە بەرانبەردا ڕاگرن. سەپاندنی گەمارۆ بە سەر سوپای پاسداران هەنگاوێکی ژیرانە بوو، چونکە ئەوە هەم تێچووی یاسایی بۆ کۆمپانیا ئورووپاییەکان دروست کرد کە خوازیاری پێشترییەتیدان بە تەماح بە سەر ئەمنییەت و بەدناوبوون بۆ ئەو وڵاتانە بوون کە دەیانهەویست هاوسەنگییەکە ڕابگرن. لێرەدا پرۆسەی لەکیسچوونی دراوی ئێران دەستی پێ کرد.
لە تیۆریدا، سیاسەتی ئەوپەڕی زەخت دیسان دەتوانێ کاریگەر بێ، ئەگەرچی لاوازییەکانی ئەو سیاسەتە ڕوونن. نۆژەنکردنەوەی سندووقەکانی دراوی ئێران لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی بایدنەوە نە تەنیا قەڵخانێکی کاتیی بەخشیوەتە تاران، بەڵکو وکاربەدەستانی ئێرانی چوار ساڵ دەرفەتیان هەبوو مامەڵەکانیان لەگەڵ چین پتەو و پارێزراو بکەن. بڕیاری بایدن بۆ کۆتاییهێنان بە زەخت و ڕادەستکردنی دراو بۆ ڕێژیمی ئێران گیروگرفتێکی دیکەیە: ئێستا تاران لەو بڕوایەدایە کە دەتوانێ خۆی لە بەرانبەر هەر سیاسەتێکی ئەوپەڕی زەختدا ڕابگرێ، ڕەنگبێ ئەوان هەڵە نەبن. بۆیە ئەوپەڕی زەخت بە تەنیا بەس نییە و کەمایەسی و پەیوەندیدارنەبوونیشی بۆ ئەوە نابێ پاشگوێ بخرێن. ئەو ڕۆژەی کۆماری ئیسلامی بڕووخێ، ئێران جارێکی دیکە دێتەوە نێو کۆمەڵگەی جیهانی و دەبێتە هاوپەیمانێک. ئەگەر وڵاتە یەکگرتووەکان ئابووریی ئێران وەها تێکبشکێنێ کە لە خاڵی چاکبوونەوە تێپەڕ بێ، ئەوکات ئێرانییەکان ڕەنگبێ پێویستیان بە خەباتی دەیان ساڵە هەبێ تا بێنەوە سەر پێ، چۆن عێراقی دوای سەردەمی گەمارۆکان تووشی بوو.
گەمارۆی واتادار گرینگن؛ بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ، گەمارۆی ئامانجدار ئەو تایبەتمەندییەیان هەیە کە لایەنگرانی لە سەرەتادا زانیویانە ئەو گەمارۆیانە نابنە هۆی ئاڵوگۆڕ. بە کورتی، بەڕێوەبەرایەتییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان لە نێوان تەور و پەڕی مریشک یەکیان هەڵبژاردوە.
کاربەدەستانی وەزارەتی دارایی چەند گیروگرفتیان هەن کە ڕێگاچارەکانیان لە وەزارەتی دارایی گیر ناکەوێ. بەڵام، ئێران یەکێک لەو گیرو گرفتانە نییە. ئایدیۆلۆژی و پێکهاتە گرینگن. بە یەک هۆی ساکار هیچ ئاڵوگۆڕکی بەرچاو لە نێوخۆی ئێران بێ تێکشکاندنی سوپای پاسداران ڕوو نادا:
سوپای پاسداران وەک پارێزەری ڕێبەریی لە بەرانبەر خەڵکدایە. زۆر کەس سوپای پاسداران وەک هێزێکی نوخبەی سەربازی سەیر دەکەن، بەڵام ئەو لەوە زیاترە: بە پێچەوانەی سوپا کە ئەرکەکەی پاراستنی خاکە، ئەرکی سوپای پاسداران پاراستنی شۆڕشە، بۆیە بەربەرەکانی لەگەڵ دوژمنانی دەرەکی و نێوخۆیی دەکات. لە کاتێکدا کە هێندێک کاربەدەستی ساویلکە، لە جێگری وەزیری کاروباری دەرەوە سترۆب تاڵبۆت و ریچارد ئارمیتاژ تا ڕاوێژکاری ئەمنیەتی نیشتمانی سوزان رایس و جەیک ساڵیڤان هیوایان بە ڕێفورمخوازەکانی رێژیم هەبوو، هیچکامیان چارەسەری گیروگرفتە ئاشکراکەیان نەکرد: تەنانەت بێتوو ڕێفۆرمخوازەکان ڕاست بکەن، هیچ ئاڵوگۆڕێکی بەرچاو ڕوو نادا ئەگەر سوپای پاسداران ئیزنی پێ نەدا. کە وا بوو پرسیارەکە ئەوەیە چۆن قەناعەت بە سوپای پاسداران بهێنری یان چۆن ڕێکخراوەکە تێکبشکێندرێ.
تەنیا دیپلۆماتە هەرە ساویلکەکان بڕوا بە گۆڕانی بیر و بۆچوونی گشتیی لە نێو سوپای پاسداراندا دەکەن. ئەو تاقمە لە دەوری ئایدیۆلۆژییەک ڕێکخراوە کە ئەندامانی بەڕیوەبەرییەکەی لە مناڵییەوە مێشکیان شۆردراوەتەوە. هۆی بوونیان و ئەو زێدەمافانەی هەیانن بە سۆزە شۆڕشگێرانەکەیانەوە گرێ دراوە.
تێکشکاندنی سوپای پاسداران دژوارترە بەڵام، دوای ٤۵ ساڵ تەمەنی کۆماری ئیسلامی، هیچ ناوەرۆکێکی نەماوە. ئەوانە چەند هەواڵی دڵخۆشکەرن. سوپای پاسداران یەکچەشن نییە. ئەندامە سەرەکییەکانی بڕوامەندی ڕاستەقینەن، بەڵام بەشێکیان لەبەر بەرژەوەندی یان قازانجی ماددی چوونە نێو سوپا، بە تایبەت ئەوانەی لە جیات سەربازی لەنێو ئەرتەشدا دەچنە نێو سوپای پاسداران.
کەلێنی دیکەش هەن: جیاوازیی جیلەکان لە نێوان ئەوانەی پاشخانی هەژارییان هەیە کە لە جەنگی ئێران-عێراقدا بەشدار بوون و مناڵی ئەوانەی ئێستا دەسەڵاتیان هەیە بەڵام نایانهەوێ خۆیان بکەنە قوربانی. بەپێچەوانە، گەلێک لەوانەی سەر بە بنەماڵەی کۆنەپارێزن ڕقیان لە گەندەڵیی نوخبە ئایینییەکانە. بەشێکی بەرچاو لە بریندارانی جەنگ، لەوە تووڕەن کە ڕێژیم بە شێوەی پێویست ڕێز لە قوربانیدانەکانیان ناگرێ و بە شێوەی چاوەڕوانکراو بە ئەندامانی بنەماڵەکانیان ڕاناگات.
ئەگەر ترامپ، سەرۆکی هەواڵگریی وڵات تاڵسی گابارد و، وەزیری کاروباری دەروە، مارکۆ ڕوبیۆ لە کۆتاییهێنان بە هەڕەشەی کۆماری ئیسلامیی بە شێوەی یەکجاریی جیددین، هیچ کورتە ڕێگایەک بوونی نییە. بێگومان، ئەوان دەبێ پێشوازیی لە سیاسەتی ئەوپەڕی زەخت بۆ نەهێشتنی سامانەکانی سوپای پاسداران بکەن، بەڵام ئەوان هەروەها دەبێ کەلێنەکان دەستنیشان بکەن و کەلکیان لێ وەرگرن. بۆ وێنە، وڵاتە یەکگرتووەکان دەتوانێ پێشنیاری چارەسەری پزیشکیی خۆڕایی بە بریندارانی سەردەمی جەنگی ئێران-عێراق لە نەخۆشخانەی پاپۆڕیی ئەمریکایی لە دوبەی بکات. بێتوو ئەو بریندارە ناڕازییانە چارەسەرەکە قبووڵ بکەن، ئەوە دەبێتە سەرچاوەی هەواڵگریی و کودەتایەکی تەبلیغاتی؛ بێتوو ڕێژیمی ئێران پێش بە چوونی ئەوان بۆ دوبەی بگرێ، ئەوە تەنیا تووڕەیی نێوخۆیی زیاتر دەکات.
هەم کۆمەڵگەی هەواڵگریی وڵاتە یەکگرتووەکان و هەروەها وەزارەتی دارایی دەبێ ئەژمارەکانی سوپای پاسداران لە دەرەوە دەستنیشان بکەن، جا ئەوە دراوی سایبەری بێ، دراوی نەخد بێ یان زێڕ، دەبێ دەستی بەسەردا بگرن تا پێش بە بەکارهێنانی دوای مردنی خامنەیی بگیرێت.
لە دۆخی دیکەدا ڕێگاچارەی دیکەش بەکەڵکن: هەر وەکوو چۆن بەڕیوەبەرایەتیی ترومەن دانی بەخۆدا گرت و مافی پەنابەریی بە زانستوانە ناوکییەکانی ئاڵمانی نازی بەخشی، وڵاتە یەکگرتووەکان دەبێ پارێزراو بوون لە سزا بە پسپۆڕانی بەرهەمهێنانی چەکوچۆڵی سوپای پاسداران، بە مەرجی وازهێنانیان بەر لە ڕووخانی ڕێژیم پێ پێشنیار بکات. بێتوو وڵاتە یەکگرتووەکان ئەوانە لەگەڵ ستراتێژیی کوشتنی ئامانجدار تێکەڵ بکات و بە شێوەی کاریگەر فەرماندەکانی سوپای پاسداران تێبگەیەنێت کە یەکێک لەو بژارانە هەڵبژێرن، ئەوکات واشینگتۆن دەتوانێ پێشنیارێکی وەها بە کاربەدەستە پلەبەرزەکانی ئێران بکات کە نەتوانن خۆی لێ ببوێرن.
هیچ فۆرمولێکی سێحراوی بوونەی نییە بەڵام بە لەبەرچاو گرتنی ڕێژیمی زامبی وەک کورەی باکوور، ئێریترە، کوبا، ڤێنێزوئێلا و لە ڕابردوودا عێراقی سەددام حوسێن، بەو هۆ ساکارە لە دەسەڵاتدان کە هێزە ئەمنییەتییەکانیان گوێ نادەنە خۆشبژیویی شارۆمەندە ئاساییەکانیان، چاوەڕوانیی ڕووخانی ڕێژیمی ئێران بە هۆی نەبوونی دراوی نەخد، ساویلکەییە. کاتی ئەوە هاتوە پێشوازیی نە تەنیا لە سیاسەتی ئەوپەڕی زەخت بکرێ، بەڵکو لە ئەوپەڕی لێکهەڵوەشانی سوپای پاسدارانیش.