کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خاکی‌پۆشی خاک‌پارێز

11:49 - 2 خاکەلێوه 2725

خاکی‌پۆشی خاک‌پارێز

ئاسۆ مینبەری

چەند مانگ پێش هاتنی نەورۆز و نوێبوونەوەی سروشت لە کوردستان، خەڵکی کوردستان لە دژکردەوە بە دەسبەسەرکران و سەرکوتی چالاکانی مەدەنی لەلایەن ڕێژیمەوە بە هۆی لەبەرکردنی جلوبەرگی خاکی، لە هەڵوێستێکی بوێرانە و یەکدەنگدا ڕایانگەیاند کە بۆ ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی ئەمساڵ جلوبەرگی خاکی دەپۆشن، هەر لە سەر ئەم بنەمایەش ڕایانگەیاند کە نەورزۆی ئەمساڵ بە ناوی نەورزۆی خاکی‌پۆشانەوە ناودێر دەکەن. ئەم ناودێرکردنە ئەگەرچی بەشێکی دژکردەوە بە سیاسەت و هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی بوو، بەڵام لایەنێکی دیکەی ڕێزگرتن لە پێشمەرگە وەک ڕۆڵەی خاکی‌پۆشی ئەم نیشتمانە بوو.

دوابەدوای ڕاگەیاندنی ئەم بڕیارە لەلایەن چالاکانی مەدەنی و خەڵکی نێوخۆی کوردستانەوە، وردە وردە ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان دەستیان پێ کرد و خەڵکی کوردستان بە لەبەرکردنی جلوبەرگی خاکی پێشوازییان لە نەورۆزی ٢٠٢٥ی کوردی کرد.

بڕیاری لەبەرکردنی جلوبەرگی خاکی، بڕیارێک بوو کە لەلایەن گەلەوە درابوو، بۆیە ئەرکی لایەن و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستانیش ئەوە بوو کە بۆ ڕێزگرتن لە بڕیاری خەڵکی کوردستان، بە پێشوازی ئەم بڕیارەوە بچن و پشتیوانی و هاودەنگی خۆیان لە خەڵک دەرببڕن. هەر بۆیەش حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک حیزبی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، لە یەکەم ڕۆژەکانەوە پاڵپشتیی خۆی لەم بڕیارە گشتییەی خەڵکی کوردستان ڕاگەیاند.

ئەوەی کە لەم نەورۆزەدا لەلایەن هەندێک کەسەوە زەق کرایەوە، پێوەندیی نێوان ژنی کورد و جلوبەرگی خاکی بوو. دوابەدوای بەڕێوەچوونی ژمارەیەک لە ڕێوڕيسمە نەورۆزییەکان لە کوردستان و بڵاوبوونەوەی وێنەی ژنان و کچانی کوردستان بە جلوبەرگی خاکییەوە، هەندێک کەس لێکدانەوەی خۆیان لە سیمای نەورۆز و جلوبەرگی ژنان لەم ڕێوڕەسمانەدا ڕاگەیاند و پێیان وابوو کە لەبەرکردنی جلوبەرگی خاکی لەلایەن ژنانەوە، بە مانای داماڵرانی ژنان لە ژنبوونی خۆیانە و نابێ ئەم بڕیارە بەسەر توێژی ژناندا بسەپێت و بە جۆرێ لە جۆرەکان لە ڕێگەی ورووژاندنی پرسی ژن بوون و هەست و سۆزی ژنانە، هەوڵیان دا ژنان لە پۆشینی ئەم جلوبەرگە پاشگەز بکەنەوە.

لە کوردستاندا کاتێ باس لە پێشمەرگە دەکرێ، قەت پرسی ڕەگەز زەق ناکرێتەوە، چونکە ماهییەتی خەبات لە کوردستان دژ بە هەڵاواردن و جیاکاریی ڕەگەزی بووە، کەوابوو پێشمەرگە پێشمەرگەیە بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕەگەزەکەی. لە مێژووی ئێمەدا پێشمەرگە چ ژن بووبێت و چ پیاو، جلوبەرگێکی فۆرمی تایبەتی هەبووە کە ئەویش ڕێک پێوەندیی بە سروشتی خەبەتەکەمانەو بووە، نەک بە مانای داماڵینی ژن لە ژنبوونی خۆی! لە ڕاستیدا ئەمجۆرە بیرکردنەوەیە بە مانای ڕەگەزبەخشین بە جلوبەرگە، جلوبەرگێک کە هێمای خەبات و شۆڕش بووە و ئەمە ڕێک بە مانای دابڕینی بەشێکی گرینگ، کاریگەر و دیاری کۆمەڵگە واتە ژن لە خەباتە.

هەر لە نەورۆزی ئەمساڵدا باس لە سەپاندنی جلوبەرگی خاکی بەسەر خەڵک و بەتایبەت ژناندا کرا، کە بێگومان ئەم بۆچوونە، هیچ لە ڕاستی نزیک نییە و بە پێچەوانەوە ئەوە بڕیارێک بووە کە لەلایەن خودی خەڵکەوە دراوە و خۆشیان جێبەجێی دەکەن. لە ساڵی ٩٦ی هەتاویدا کە نەورۆزی جامانەکان ڕاگەیەندرا، بڕیار وابوو هێمای سەرەکی لە نەورۆزی ئەو ساڵەدا جامانە بێت، بەڵام ڕێژەیەکی بەرچاو لە ژنان و کچان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە لەبەرکردنی جلوبەرگی خاکی وەک جلوبەرگی پێشمەرگە، هاوکات لەگەڵ ڕێزگرتن لە خەبات و گیانفیدایی پێشمەرگە ئەو پەیامەیان گەیاند کە ئەوان لە هەموو کاتێکدا پشتیوانی ڕۆڵەکانی خۆیانن. کەوابوو لەبەرکردنی ئەم جلوبەرگە نەک سەپاندن و نە بە زەبری هێز بەڵکوو بە خواستی خودی خەڵک و بەتایبەت ژنان بووە و ئەمەش یەکێک لە ڕێگاکانی خەبات لە کوردستانە.

کۆمەڵگەی کوردستان چەقی خەباتی ئێمەیە و خەڵکی کوردستان ئەکتەری سەرەکیی ئەم مەیدانەن، ئەوە خەڵکی کوردستانن کە بە خوێندنەوەی ڕووداوەکان و بە سەرنجدانی هەموو لایەنە جیاوازەکانی ژیان لەو کۆمەڵگەیەدا، بڕیار لەسەر پرسە هەستیارەکان دەدەن. خەڵکی کوردستان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە ڕێوڕەسمی جۆراوجۆر و بۆنەی جیاوازدا بە تێگەیشتن و شعووری سیاسییان کوردستانیان کردووەتە مەیدانێک بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ داگیرکەر. لێرەدایە کە دەبێ بە بایەخەوە چاو لە هەوڵ و تێکۆشانی ژنان لەم مەیدانە بکرێت، چونکە ژنان بەتایبەت لە دوو ساڵی ڕابردوودا بە ئەزموون‌وەرگرتن لە شۆڕشی ژینا و قوربانیدان و گیانفیدایی خۆیان، هەر چەشنە بۆنە و کۆبوونەوەیەکی جەماوەری بە مەیدانی خەبات بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دوژمن دەزانن و قایم و بە ئیرادە، هاوکات بڕوامەند بە ئامانجەکانیان لەم مەیدانەدا تێدەکۆشن. نەورۆزی خاکی‌پۆشانی ئەمساڵ، مەیدانی بەکردەوەیی‌کردنی خواستەکانی ژنانی کوردستانە بۆیە شێلگیرتر لە جاران و بەبێ لەبەرچاوگرتنی پێناسەی باوی پیاوسالاری و ئیدئۆلۆژیک لە خۆیان، خاکی‌پۆشی نیشتمانن و وەک ڕۆڵەیەکی خاکپارێز گۆڕەپانی نەورزۆیان کردووەتە سەنگەری خەبات بۆ دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەیی و ڕەگەزییەکانیان چونکە دەزانن کە بە خاکی‌پۆشبوونیان هێڵێکی بەتاڵ بەسەر هەڵاواردندا دەکێشن و وەک تاکێکی ئەروەخۆگری نیشتمان هەوڵ بۆ ڕزگاری خاک و نیشتمانەکەیان دەدەن.