
رۆژی شەممە ١١ی ڕەشەمە، کاک فارووق مەتین ژەنیاری بە توانای سازی سەنتوور لە تەمەنی ٧٢ ساڵیدا لە شاری ڤاسای وڵاتی فینلاند بە هۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد .
کاک فاڕووق وەک ژەنیارێکی شارەزای سەنتوور لەگەڵ زۆربەی ھونەرمەندانی ئەو سەردەمی وەک نەمر محەممەدی ماملێ و نەمر برایم قادری و کاک محەممەدی دانیش و بەڕێزان سەیدعەلی سەردەشتی و کاک ڕەشیدی فەیزینژاد و کاک ئەحمەدی ئیسلامی و زۆر ھونەرمەندی دیکە ھاوڕێ و ھاوکار بووە.
لە ڕادیو ھاوڕێی نزیکی نەمر کاک تەھای عەتیقی و ھاوکارانی تری بووە .
کاک فارووق وێرای چەند هونەرمەندی تر بە ھۆی گوشاری ھێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ساڵی ۱۳۷۰ی ھەتاوی شاری مەھابادیان بەجێ ھێشت و دوای ماوەیەک گەیشتنە وڵاتی فینلەند و لەوێ نیشتەجێ بوون .
کاک فاروق لە وڵاتی فینلەدیش لە جێژنە نەتەوییەکاندا بە دەنگی بلاوێنی سەنتوورە ئارام بەخشەکەی بەشداریی دەکرد.
کاک فاڕووق کەسێکی ھونەرمەند و نیشتمانپەوەر و خۆشەویست بوو.
خزمەتەکانی لە دەیەی چل و پەنجا و شەستی ھەتاویدا لە ڕادیو و تلویزیۆنی مەھاباد شوێندار و بەرچاو بوون .
شایانی باسە ھاوژینی کاک فاڕووق مەتین خاتوو ستارەی چیتیانیش لە ڕادیۆ مەھاباد ھاوکاری نزیکی کاک فاڕووق بووە و لە بەشی چیروکی شەودا دەستێکی باڵای بووە .
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکار و هاوکارانی ئەم هونەرمەندە دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.