کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی باوکی شەهیدێکی کوردستان

22:03 - 2 خاکەلێوه 2725

ڕۆژی پێنجشەممە، ٣٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، حاجی خالید قەترانی کەسایەتیی دیار و خۆشەویستی ناوچەی مەرگەوەڕ و هەروەها باوکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان، لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

حاجی خالید لەدایکبووی ٢ی ڕەشەمەی ١٣١٩ لە گوندی سۆرکانی سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ بوو. دوای هاتنەسەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، کۆڕێکی حاجی خالید بە ناوی میکائیل قەترانی بووە پێشمەرگەی حیزب و بەداخەوە لە سەرماوەزی ١٣٦٥ی هەتاویدا لە شەڕ و تێکهەڵچوون و بەرگرییەکی قارەمانانە لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم لە گوندی مەنسوورئاوای مەرگەوەڕ شەهید بوو.

کۆڕێکی دیکەی حاجی خالید بە ناوی محەمەدعەلی قەترانی پێشمەرگەی حیزب بوو و دوای چەند ساڵ پێشمەرگایەتی، ئێستا لە دەرەوەی وڵات خەریکی تێکۆشانە.

حاجی خالید بە هۆی کوڕەکانییەوە بەردەوام لەژێر گوشار و ئازاری هێزەکانی ڕێژیم دا بوو و بە دەیان جار لێی درابوو و بۆ چەند سەعات و ڕۆژ دەسبەسەر کرابوو.

هێزەکانی ڕێژیم بۆ ئەوەی سووکایەتی بە ناوبراو بکەن و غروور و ئیرادەی بشکێنن، بە بەرچاوی خەڵکی ناوچە لە بەر باران و سەرما دەست و چاو و لاقییان بۆ ماوەی چەند کاتژمێر دەبەست و دواتر ئازاد دەکرا. لەم ساڵانەی دواییشدا بە هۆی ڕاپۆرتدانی چلکاوخۆرەکانی ڕێژیمەوە ماڵی حاجی خالید بە هۆی دەنگۆی بوونی پێشمەرگە و تێکۆشانی سیاسی چەند مانگ جارێک دەپشکێندرا. بەڵام هیچ یەک لەو ئازار و سووکایەتییانە چۆکی بە حاجی خالید نەدا و کێوئاسا و سەربەرزانە لە بەرانبەر هەموو گوشارەکانی ڕێژیمدا بەرخودانی کرد و هەتا دواساتەکانی ژیانی لەسەر ڕێبازی دێموکرات وەفادار مایەوە.

بەداخەوە هاوسەری حاجی خالید بە ناوی فەهیمە گرامی ڕاد کە چەندین ڕۆڵەی بەئەمەگی بۆ نیشتمان پەروەردە و گەورە کرد، سێ مانگ لەمەوبەر کۆچی دوایی کرد.

تەرمی حاجی خالید هەمان شەو لە گۆڕستانی گوندی سۆرکان بە خاک سپێردرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.