کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داخستنی بەردەوامی قوتابخانەکان کاریگەریی نەرێنیی لەسەر فێربوونی قوتابییان هەبووە

10:51 - 3 خاکەلێوه 2725

عەلی فەرهادی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە هۆشداری دا کە داخستنی بەردەوامی قوتابخانەکان لە ئێران کاریگەریی نەرێنیی لەسەر کواڵێتی خوێندنی قوتابییان داناوە.

فەرهادی ڕۆژی شەممە ٢ی خاکەلێوە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وتی: یەک ڕۆژ لە داخستنی قوتابخانەکان نزیکەی هەزار میلیارد تمەن تێچووی هەیە و پەروەردەی ئانلاین و بە ئینترنێت ناتوانێت جێگرەوەیەکی باش و کاریگەر بێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، داخستنی بەردەوامی قوتابخانەکان و کەمبوونەوەی کاتی فێرکاری، کاریگەریی نەرێنیی بەرچاوی لەسەر فێربوونی خوێندکاران هەیە و ڕێگری لەوە کردووە کە دەرئەنجامێکی پەروەردەیی باشی هەبێت.

ئاژانسی هەواڵی ئیرنا لە ڕاپۆرتەکەیدا بە ئاماژەدان بە داخستنی قوتابخانەکان لە ئێران لە ساڵی ١٤٠٣ بەهۆی پیسبوونی هەوا و سەرما و قەیرانی وزە، لە زاری بەرپرسانی پەروەردە و شارەزایانەوە بڵاوی کردەوە کە پەروەردەی ئانلاین زیانی گەورەی پەروەردەیی لەگەڵ خۆی هێناوە.

هەروەها بڵاو کراوەتەوە کە هەندێک لە پارێزگاکان لە ساڵی ١٤٠٣ لە کۆی ٢٩١ ڕۆژی کاری، ٧٢ ڕۆژی کارییان بە هۆی کەمیی گاز یان کارەباوە هەڵوەشاندووەتەوە. ئەم ژمارەیە بەبێ بۆنەکان و داخستن بە هۆی مردنی ئیبراهیم ڕەئیسی و چەندین ڕووداو و کارەساتی سروشتی دیکەوە بووە.

مەسعوود کەبیری، ئەندامی لێژنەی زانستیی ئەنستیتۆی پەروەردە و ڕاهێنان، لە مانگی بەفرانباردا هۆشداری دابوو کە لە هەر پێنج خوێندکاری ئێرانی دوو خوێندکار بە باشی فێر نابن و فێربوونێکی کاریگەر وەرناگرن و لە سەدا ٧٠ی خوێندکارانی قوتابخانەکانی کوڕانەی گوندەکان، کەمترین ئاستی فێربوونیان تۆمار کردووە.

هەرورها ڕزوان حەکیمزادە، جێگری وەزارەتی پەروەردەی بنەڕەتی لە وەزارەتی پەروەردە، لە مانگی سەرماوەزی ئەمساڵدا ڕایگەیاندبوو کە لە ٤٠٪ ی خوێندکاران کێشەی فێربوونیان هەیە و ڕایگەیاندووە کە ئەمە لە داهاتوودا شانسی سەرکەوتنیان لە بواری خوێندن و کاریدا بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە.