کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل دەیان پێگەی حیزبوڵڵای لە باشووری لوبنان کردە ئامانج

11:26 - 3 خاکەلێوه 2725

ئەرتەشی ئیسرائیل بە دوو شەپۆلی هێرشی ئاسمانی وڵامی هێرشە هاژەکییەکەی حیزبوڵڵای دایەوە و دەیان پێگەی حیزبوڵڵای لوبنان لەوانە دامەزراوەی هەڵدانی هاژەکەکانی گرووپەکەی کردە ئامانج.

ئەرتەشی ئیسرائیل ڕۆژی شەممە ٢ی خاکەلێوە ڕایگەیاند، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی، شوێنی سێ ڕاکێتیان هەڵگرتووە کە سنوورەکانیان بەزاندووە.

تا ئێستا هیچ هەواڵێک لەبارەی خەسار و زیانەکان لە دوای هێرشە موشەکییەکان بڵاو نەکراوەتەوە.

دەیوید ئازوجلا، شارەداریی ئەو دەڤەرە ڕایگەیاندووە، نزیکەی هەشت لەسەدی دانیشتووانی شارەکە کە دوای ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا گەڕاونەتەوە شارەکە، بڵام دوای ئەو هێرشە شارەکەیان بەجێ هێشتووە.

دوای چەند کاتژمێرێک حیزبوڵڵا بەرپرسیارێتی هێرشە موشەکییەکانی بۆ سەر باکووری ئیسرائیل ڕەت کردەوە. حیزبوڵڵا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "بە ڕێککەوتنی ئاگربەست پێبەندە و سەرەڕای تۆمەتبارکردنی ئیسرائیل بە چڕکردنەوەی گرژییە مەترسیدارەکان، پاڵپشتیی حکوومەتی لوبنان دەکات ".

بەپێی ڕۆژنامەی ''تایمز''ی ئیسرائیل شەپۆلی دووهەمی هێرشەکانی ئیسرائیل لە ناوچە جیاجیاکانی لوبنان ئەنجام دراوە و میدیاکانی لوبنانیش باسیان لەوە کردووە کە هێرشی ئاسمانی لە شاری سوور و دەرەی بەقاعی ڕۆژهەڵات و ناوچەی هرمل لە باکووری لوبنان ئەنجام دراوە.

نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان هۆشداری دا کە بەردەوامبوونی ئەم عەمەلیاتە نیزامییانە، لوبنان بەرەو شەرێکی نوێ و دەرئەنجامی کارەساتبار دەبات.

فەرانسە هاویشتنی هاژەک بەرەو ئیسرائیلی مەحکووم کرد، بەڵام هاوکات داوای لە ئیسرائیل کرد لە وڵامی ئەم هێرشانەدا دان بە خۆیدا بگرێت.

له لوبنان هەروەها زیاتر لە یەک میلیۆن کەس لە باشووری ئەو وڵاتە هەڵاتوون و بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان تا ئێستاش نزیکەی ١٠٠ هەزار کەس ئاوارەن.