کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشدارییەکان سەبارەت بە قەیرانی وشکەساڵی له ئێران

12:15 - 3 خاکەلێوه 2725

عەباس عەلی‌ئابادی، وەزیری وزەی دەوڵەتی پزشکییان، ڕۆژی شەممە ٢ی خاکەلێوە و هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی ئاو، هۆشداریی دا کە ئیران بەرەوڕووی وشەکەساڵی دەبێتەوە.

عەلی‌ئابادی بە ئاماژەدان بەوەی کە ڕێژەی بارینەکان لە ١٩ پارێزگا، کەمبوونەوەی بەرچاویان بە خۆیانەوە بینیوە ڕایگەیاندووە کە لەگەڵ وشەکەساڵییەکی جیددی بەرەوڕوو بوونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە نێوخۆییەکانی کارناسان لە ئێران، دە پارێزگا بەتایبەتی پارێزگاکانی باشوور و ناوەندی ئێران، زیاتر لە هەموو شوێنەکانی دیکە لە ژێر مەترسییەکانی وشەکەساڵیدان.

هاوکات لەگەڵ دەسپێکی وەرزی بەهار هەواڵەکان سەبارەت بە کەمبوونی ئاوی بەنداوەکان و وشکبوونی ڕووبارەکان لە ئێران ڕووی لە زیادبوونە.

بەنداوی کەرەج یەکێک لە گرینگترین بەنداوەکانی ئیران کە ئاوی خواردنی چەند میلیۆن کەس لە تاران و دەوروبەری دابین دەکات، لە ژێر مەترسی وشکبووندایە و تەنیا ٧ لەسەدی ئاوی پاشەکەوتی تێدا ماوەتەوە.

کەمبوونەوەی ڕێژەی بارینەکان، گەشەدانی بێبنەمای وەرزێڕی و بەڕێوەبەریی هەڵەی سەرچاوە ئاوییەکان، چەند هۆکاری سەرەکیی قەیرانی ئاو لە ئێرانە.

ئیران لە بواری جوگرافیاییەوە لە ناوچەیەکی وشک و نیوە وشکدا هەڵکەوتووە و ساڵانێکە بە بەکارهێنانی نزیک بە ٨٠ لەسەدی سەرچاوە ئاوییەکانی ژێر زەوی و چاوەدێرینەکردنی پێویست، تووشی قەیرانێکی گەورەی بێ ئاوی بووەتەوە کە پێشبینی دەکرێت لە داهاتوودا زیاتر پەرە بسێنێت.

بێ ئاوی تەنیا کێشەکانی وشەکەساڵی لە ئێران نییە بەڵکوو ڕۆچوونی زەوی بەتایبەتی لە ناوچە ناوەندییەکانی ئێران وەک پارێزگاکانی ئێسفەهان، یەزد و تەنانەت تارانیش، قەیرانێکی دیکە لە ئێرانە کە بەهۆی بەکارهێنانی بێبنەمای سەرچاوە ئاوییەکانی ژێر زەوی هاتووەتە ئاراوە.