
به ده‌سپێشخه‌ریی ئه‌نجومه‌نی سه‌وزی چیای مه‌ریوان و ئه‌ندامانی کۆمیته‌ی دێکانی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه ژینگه‌ییه، هه‌ڵمه‌تی ژینگه‌پارێزی و دێته‌کانی له‌ژێر دروشمی "شه‌ریفانه و پڕ ئۆمێد به‌ره‌و ساڵی نوێ، نه‌ورۆزانه‌مان ژینگه‌یه‌کی خاوێنه" له زۆربه‌ی دێهاته‌کانی مه‌ریوان به‌ڕێوه چوو.
وه‌کوو نه‌ریتی هه‌موو ساڵێک چالاکانی ژینگه‌یی و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی سه‌وزی چیای مه‌ریوان له به‌ره‌به‌ری ساڵی نوێ و یه‌که‌مین ڕۆژه‌کانی هه‌موو ساڵێکدا کۆڵان و چه‌م و ڕووباری دێهاته‌کانی ناوچه‌کانی مه‌ریوان خاوێن ده‌کەنەوە و له هه‌ندێک شوێنیش‌دا به چاندنی نه‌مام و چالاکیی دیکه به‌ره‌و پێشوازی ساڵی نوێوه ده‌چن.
ئه‌و ئاواییانه‌ی مه‌ریوان که هه‌ڵمه‌تی دێته‌کانی تێیاندا به‌ڕێوه چووە بریتین له: "دووپلووره، سوورکه‌وڵ، شارانی، بناوه‌چه‌ڵه، بێکه‌ڕه، وه‌یسه، ده‌رزیان، چۆڕ، گۆشخانی، سیاناو، ساوا، گوێزه‌کوێره، به‌رقه‌ڵا، گوڵچێ‌ر، ده‌ره‌وه‌ران و ئێنگیجه".
شایانی باسه له‌و هه‌ڵمه‌ته ژینگه‌پارێزییه‌دا هه‌موو چین و توێژێک وه‌کوو، منداڵان، مامۆستایانی ئایینی، مامۆستایانی قوتابخانه، منداڵان، کچان و ژنان و لاوان به‌شداریی بێوێنه‌یان کردووه.
هه‌روه‌ها له دوو ئاوایی ده‌رزیان و گوڵچێردا سه‌ره‌ڕای خاوێنکردنه‌وه‌ی نێو ئاوایی، سه‌دان نه‌مامیان ناشت و ڕایانگه‌یاند "ئێمه خاوه‌ن ژینگه نین به‌ڵکوو دایکی نیشتمان چاوه‌ڕوانی لێمان ئه‌وه‌یه ژینگه که وه‌کوو ئه‌مانه‌تێک له ده‌ستی ئێمه‌دایه وه‌کوو گلێنه‌ی چاو بپارێزین و به جوانی و سه‌رسه‌وزی بۆ نه‌وه‌کانی داهاتووی بەجێ بهێڵین".
هه‌ر له‌و پێوه‌ندییه‌دا له ئاواییه‌کانی گوڵچێ‌ر و گۆگجه‌ی سه‌ر به ناوچه‌ی سه‌رشیوی مه‌ریوان و چه‌ند ئاوایی دیکه‌دا، له ڕێگه‌ی ڕایه‌ڵه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و دانانی تابلۆ له هاتنه نێو ئاواییه‌کانه‌وه له‌مه‌ڕ زیانگه‌یاندن به ژینگه و له‌نێوبردنی گژوگیاکانی سروشتی ئه‌و ناوچه‌یه ئاگاداری‌یان به ڕێبواران و مێوانه‌کان داوه که له زیانگه‌یاندن به سروشت و که‌ندنی گیا به‌هارییه‌کان خۆیان ببوێرن و له پاراستنی ژینگه‌دا هاوکار و یارمه‌تیده‌ریان بن.
له ڕۆژی چوارشه‌ممه ٢٩ی ڕه‌شه‌مه، کۆمیته‌ی دێته‌کانی ئه‌نجومه‌نی سه‌وزی چیای مه‌ریوان له بانگه‌وازێکدا که تێیدا هاتبوو "ئێستا هزری شەهیدانی ئەندیشەی سەوز لە نێو کومەڵگای ڕووناکبیردا بە ڕازاوەیی خۆی ئەبینێتەوە" داوای له خه‌ڵکی ئاواییه‌کانی مه‌ریوان کرد که له‌و چالاکی و هه‌ڵمه‌ته ژینگه‌ییه‌دا به‌شداری بکه‌ن.