کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکرات لە نەوسوود

12:24 - 3 خاکەلێوه 2725

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ی هەتاوی، مام کامیل فەتاحی کوڕی ڕەزا قوڵی خەڵکی شاری نەوسوود لە تەمەنی ٧٩ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.

مام کامیل فەتاحی هەر سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران و ئاشکرابوونی خەباتی حیزبی دێموکرات پەیوەست بە تەشکیلاتی حیزبەوە بوو و دوای دەستپێکردنی خەباتی چەکدارانە بە فەرمی بوو بە پێشمەرگە و لە هێزی شاهۆی ئەوکات سازمان درا.

مام کامیل لەنێو هەموو خەڵکی ناوچەی هەوراماندا ناسراو بوو، ناوبراو وێڕای ئەوەیکە پێشمەرگە بوو ماڵەکەشی بەردەوام جێگەی حەوانەوە و حەسانەوەی کادر و پێشمەرگەکان بوو.

مام کامیل لە زۆربەی شەڕەکانی ناوچەی نەوسوود بەشدار بوو و وەک کەسێکی بە توانا و ماندوونەناس، ئەوپەڕی فیدارکاری و لەخۆبردوویی لە خۆی نیشان داوە.

ناوبراو لە ڕەوتی هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر شاری هەڵەبجە، لەسەر داوای خۆی و ئیزنی حیزب وێڕای بنەماڵەکانی گەڕایەوە نێوخۆ، پاش چوونەوەشی کەوتە بەر ڕق و تووڕەیی کۆماری ئیسلامی و ئەشکەنجەیەکی زۆر کرا.

مام کامیل هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی هەر وەفادار بە ڕێبازی حیزب مایەوە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.