
ڕیزبوون لەپێناو گەیشتن بە مریشکی بێحیجابدا
دارسمە
ئەمە تارانە. تاران "کەڵانشار"ە و شاری شارانە. تاران شارە و فشەی پێناکرێت. تەنیا ڕیزبوونی کڕیارانی مریشکی ئاوەکوڵکراوی فرێشی ڕووت لە فرۆشگەیەکی گەورەی سەر بە زنجیرە فرۆشگەکانی سوپای پاسداران پێیەوە دیارە؛ ئەم شارە نێوەندی شارستانیەت و هزری هەرامەیە.
کاتێک لە فرۆشگهیەکی لەم جۆرە وەژوور دەکەوی و تەماشا دەکەی خەڵکێکی زۆر وەک پوورەی هەنگ تێکەوەداوێن و لەپێناو شتێکی نادیاردا وەک کەڵەشێری جەنگی خۆداوێنە سەر یەکتر، سەرەتا بیرێکی خوار و بەلاڕێداچوو بۆ ماوەیەکی کورت بەمێشکت دادێت و وا دەزانی هەندێک دەیانهەوێت لاسایی کەڵەشێری نێو مریشکان بکەنەوە. بەڵام دوای ڕێکخرانەوەی ئاپۆرەکە لە ڕیزێکی ڕێکوپێکدا، تێدەگەی لە فرۆشگەیەکی شارێکی خاوەن شوناسی شارستانیی وەک ئەم تارانەی خۆمانی و لە پێشکەوتنی دانیشتووانی ئەم شارە سەرت سوڕ دەمێنێت.
چەند پۆلیسێک لە نێو ئاپۆرەکەدا بەرچاوتر دەردەکەون. سەرەتا وادیارە دەیانهەوێت خەڵکەکە لە ڕیزێکی ڕێکوپێکدا ڕێکبخەنەوە، بەڵام زوو دەردەکەوێت ئەم پۆلیسە ژن و پیاوانە خەریکن بە پەنجەی شایەتمانی هەڕەشە لە ژنانی نێو ئاپۆرەکە دەکەن و یادیان دەخەنەوە قژی خاوی سەرشانان کۆ بکەنەوە و دایپۆشن. پۆلیسەکان لە ترسی وەزاڵەهاتنی خەڵکەکە و نەدانی بڕوبیانوو بە زیددی ئینقلاب و تێکدەرانی ئەمن و ئاسایش و تەناهیی ئەم دەوروبەرە، وردەوردە ئەنگوستی شایتمانی دەنووشتێننەوە و خەڵکەکەش دەکەوێتەوە یادیان ئەوان بۆ کڕینی مریشکی "فرێشی زێڕین" ڕوویان کردووەتە ئێرە و لە ئاکامدا ڕیزی خۆیان ڕێکدەخەنەوە و لە پێناو گەیشتن بەو مریشکانە بێدەنگ و ڕێکوپێک ڕیز دەبنەوە.
ئەو کاتەی ئاپۆڕەی نێو فرۆشگە لە ڕیزێکی ڕێکوپێکدا دەنگیان نزم کردووەتەوە و بە ئاسانی گوێیان لە قسەی یەکتر و دەنگی ئەملاوئەولا دەبێت، لە بەرانبەریاندا دوو تەلەڤزیۆن لە تەنیشت یەک لەبن میچەوە هەڵواسراون و دوو دیمەنی جیاواز پیشان دەدەن. تەلەڤزیۆنی یەکەم هەموو کامێراکانی نێو فرۆشگە پیشان دەدات و ڕووبەرکەی بەگوێرەی ژمارەی کامێراکان بەسەر چەندین چاوەدا دابەش کراوە و هەر چاوەیەکیان وێنەی یەکێک لە کامێراکانی ئەم فرۆشگەیە پیشان دەداتەوە. بەڵام ئەو چاوەیەی "مریشکی فرێش"ی پێدا دیارە، لە هەموو چاوان ڕوونترە و ئەو دەرفەتە بۆ بەشداربووانی نێو ڕیزەکە دەڕەخسێنێت؛ بێئەوەی بەسەرشانی یەکتردا بیکەن بە شەڕ و هەراو هۆسە، لەو هەموو مریشکە سەربڕاوە خاوێنکراوانە بڕوانن.
لێرەدا کەمبوونەوەی ژمارەی مریشکەکانی نێو بەفرگرە شووشەبەندەکە ئەم نیگەرانییە دەخاتە ڕیزی "ئوممەتی هەمیشە دەرسەحنەی" نێو فرۆشگاکە نەکا پێش ئەوەی هەرکامیان بگەنە شوێنی وەرگرتی مریشکان، بەشیان نەمێنێت و بە ناچاری بیر لە بەشداربوون لە ڕیزی مریشکخوازانی ڕۆژانی داهاتووی نێو فرۆشگەکان بکەنەوە.
تەلەڤزیۆنەکەی دیکە دەنگی بەرزکراوەتەوە و جارناجارێک بەرپرسێکی بە ڕواڵەت قووڵ و مەند، قورس و قایم دەردەکەوێت و وەک ئەوانە دەچێت لە دوورەوە ناڕاستەوخۆ بەسەر بەڕێوەبەرانی ئەم جۆرە فرۆشگەیانە ڕادەگەن و دڵنیاییی دەدەنە خەڵکەکە بۆ ئاسایشی خۆراک و ژیانی ڕۆژان و تەنانەت ساڵانی داهاتووش هیچ هەڕەشەیەک نایانخاتە مەترسییەوە.
سەرەڕای هەموو ئەمانە، خەڵکەکە غەڵبەغەڵب و دەنگە دەنگێکیان لێوە دێت و هێندێکیان بێئەوەی زیان بە ئاسایشی ڕیزە یەکگرتووەکە بگەیەنن، هێندێک شت دەڵێن. یەک دەڵێت سزاکانی شەیتانی بزورگ وەک بارانێکی بێئەمان بەسەر ئابووریی ئێراندا دەبارێت. یەکی دیکە دەڵێت نرخەکان جێگەی مووشەکیان گرتووەتەوە و زۆر بەپەلەن. یەکێکی دیکەتر دەڵێت مووشەکی کێ؟ هی خۆمان یان هی حووسییان؟ خاتوونێکی دەنێوەچوو دیارە کەمێکیش بە قژی دانەپۆشراوی پەخشانی سەرشانییەوە دەنازێت، چاوێکی مانادار لە پۆلیسە بێدەنگەکانی "ئەمری بە مەعرووف" دەکات و دەڵێت وا دیارە هەموومان تەنیا پارەی کڕینی ئەم مریشکانەی نێو پاکەتی بریقەدارمان لایە، بۆیە سەیری هیچ کاڵایەکی نێو ئەم فرۆشگایە ناکەین. بە تەمەنێک چەند کەس ئەولاتر وڵامی دەداتەوە، فرۆشگەش هەر فرۆشگەی هێزە چەکدارەکان پڕە لە کاڵای دوژمنان. کابرای بەویقاری نێو تەلەڤزیۆنی پاڵ تەلەڤزیۆنی پیشاندەری کامێراکان بۆ ماوەی چەند چرکە دەنگی لە دەنگی ئاپۆرەی نێو فرۆشگەکە بەرزتر دەبێتەوە دەڵێت، "ئوممەتی هەمیشە دەرسەحنە ئەرخەیان دەکەین هەموو شتێک لەجێگەی خۆیدایە و ئێمە بەردەوامین" بۆ بینەران و بیسەران پشتڕاستیشی دەکاتەوە دابەزینی نرخی ئەم تومەنەی خۆمان تەنیا لەبەر نەزانیی وەزیری لەکار لادراوی ئابووریی پێشوو بوو.
بەشدارانی ڕیزی دوور و درێژی کڕینی مریشکی فرێشی بریقەداری نێو ویترینە خوێنشرینەکەی فرۆشگەی زنجیرەیی هێندێکیان خەریکی مۆبایلەکانیانن و دەنگی تەپڵ و دووزەلە و گۆرانی و هۆتاڤ کێشانی ژن و پیاوانی نێو هەڵپەڕینی بەرەو نەورۆزی شارەکانی کوردستان لە ترسی پۆلیسەکانی دەوروبەریان نزم دەکەنەوە. یەکێکیان لەوانە لە "جمعیت کُردهای مقیم مرکز" یان کارمەندی دوورخراوەی زێدی خۆی بێت، هەر بە هەوەس بەشێک لە دەنگی مۆبایلەکە بەرز دەکاتەوە و هەموو گوێیان لەم دروشمە دەبێت و بە بیستنی دەنگی ئەمڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە لە مۆبایلەکەوە دەکەونەوە یادی نەورۆز و سەیری ئەو ماسیە سوور و جوانانە دەکەن لە لایەکی فرۆشگەکدا لە نێو ئەو ئاوەدا هەڵدەپەڕن بە شووشەیەکی ڕوون گەمارۆ دراوە.
ماسییە بەستەزمانەکان وەک ئەوە وان لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڕواننە جیهان و هەموو شوێنێک دەبینن و دەستیشیان بە هیچ شوێنێک ناگات.