
دڵخۆش بە نامەی شەیتانی گەورە!
ڕەزا دانشجوو
عەلی خامنەیی بە یەکێک لەو دیکتاتۆرانە دادەنرێت کە لە سەردەمی حوکمڕانییە شەرمەزارییەکەی هەموو هەوڵێکی بۆ مانەوە و پاراستنی تاج و تەختەکەی بۆ ماوەیەکی زیاتر داوە. خامنەیی دەیان جار نیشانی داوە کە دروشمە پووچ و بێبنەماکانی کۆماری ئیسلامی زیاتر بۆ نێوخۆی وڵات و بێدەنگکردنی تاقمێک جەماوەری بێهەڵوێستە کە ئێستاش باوەڕیان بە کۆماری ئیسلامی ماوە یان بۆ خاتری قازانج و بەرژەوەندییان مجبوورن باوەڕمەند بمێننەوە! ئەگینا بۆ زۆرینەی خەڵک تەواو ڕوونە تەنیا ختوورە و داڵغەی دیکتاتۆری پیر پاراستنی تاج و تەختەکەی و مانەوەیە لە دەسەڵاتدا و لە ڕوانگەی ئەوەوە هەموو شتێک جێگای گفتوگۆ و قسەکردنە!
خامنەیی بە پێچەوانەی خومەینی نیشانی داوە کە هەرگیز ئامادە نیە خۆی و دەسەڵاتەکەی لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا سنووردار بکات و پابەندی هێڵە سوورەکانی خومەینی بێت! بێگومان نابێ ئەوەمان لە بیر بچێت کە هەلومەرجەکانی سەردەمی دەسەڵاتی خومەینی و خامنەیی لە بنەڕەتدا جیاواز بوون و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش دەبێ قبووڵی بکەین کە شێوازی حوکمڕانیی خومەینی ناتوانێ بەردەوام بێت! لەم پێوەندییەدا دەبێ بگوترێت کە کۆمەڵگەی هۆشیار و بەئاگابووی ئەمڕۆ، بە تایبەت ئەو نەوەیەی ژیانی ڕۆژانەی لەگەڵ دەیان جۆر مێدیا و بێشومار تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گرێ دراوە، ناتوانرێت بە هیچ شێوەیەک بەراورد بکرێت بەو نەوەیەی کە تازە لە کابووسی ڕێژیمی پەهلەوی ڕزگاری ببوو و هیچ زانیارییەک و پێوەندییەکی لەگەڵ دونیای ئازاد نەبوو! نەوەیەک کە لە ڕێگای گەیشتن بە ڕزگاری بوو بە نێچیری دیکتاتۆرییەکی بێبەزەییتر و دڕندەتر!
لە ڕاستیدا ئەزموونە تاڵەکانی ڕابردوو ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە وشیارکردنەوەی نەوەی ئەمڕۆدا. بەڵام ئەمە تەنیا جیاوازیی سەردەمی خومەینی و خامنەیی نیە! واقیعەکە ئەوەیە کە خامنەیی هەر لە سەرەتاوە ئەو پێگەی ئایینی و مەزهەبییەی لەنێو لایەنگرانی کۆماری ئیسلامیدا نەبووە و تەنانەت دوای ساڵانێک لە زیندانیکردن، لەسەرکار لابردن و خانەنشینکردن و نەهێشتنی ڕکابەرە سیاسییەکانی، هێشتاش نەیتوانیوە ئەو پێگەی مەزهەبی و ئایینییە لەنێو لایەنگرانی کۆماری ئیسلامیدا بەدەست بهێنێت. بەڵام خاڵی گرنگتر هەڵوێستی دەرەکیی لەرزۆکی حکومەتی وەلایەتی فەقێیە کە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لە لێواری هەڵدێر نزیک دەبێتەوە. ئەو بارودۆخەی کە نیشاندەری کۆتایی چیرۆکی کۆماری ئیسلامییە!
داڕمانی ئابووری
بەزاندنی سنووری ١٠٠ هەزار تمەنی یۆرۆ بە ڕوونی دەریخست کە ئەم ئابوورییە نەزۆک و لاوازە دوا هەناسەکانیەتی و هیچ دەرمانێک و نەشتەرگەرییەک چارەسەری ئەم نەخۆشییە بێ دەرمانە نییە. ئابووریی کۆماری ئیسلامی ساڵانێکە لە لێواری ئیفلاسە و تەنیا هۆکاری ئاشکرانەکردنی بۆ ترسی ڕێژیم لە کاردانەوەی جەماوەری دەگەڕێتەوە! هەر هەوڵێک بۆ بووژاندنەوەی ئەم ئابوورییە لەرزۆکە بە هۆی کاریگەریی درێژخایەنی سزا نێودەوڵەتییەکان مەحکوومن بە شکستهێنان! هەرچەند کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی تۆڕگەلێکی ئاڵۆزی قاچاخچێتی لە شێوەی مافیادا هەوڵی بەدەربازبوون لە گەمارۆکانی داوە، بەڵام نابێ ئەوە لەبیر بکرێت کە هەموو ئەم ڕێوشوێنانە جگە لە تێچووی زۆریان زۆرجار شکستیان هێناوە، یان بۆ نموونە کۆماری ئیسلامییان ناچار کردوە کە سەروەت و سامانی ئێران هەڕاج بکات. ڕەنگە ڕوونترین نموونە ئاڵوگۆڕی نەوت بە تاقمێک کاڵای بێ نرخ لە لایەن هەندێک زلهێزی جیهانی و ناوچەییەوە بێت.
لە لایەکی دیکەوە گەندەڵیی سیستماتیک پەیکەری ئەم ئابوورییە نەخۆشەی تێک داوە. ڕۆژ نیە کە هەواڵی گەندەڵکارییەک، ساختەکارییەکی چەند هەزار میلیارد تمەنی لە میدیاکانەوە بڵاو نەکرێتەوە! جێگای سەرنجە کە ئەمانە تەنیا ئەو حاڵەتانەن کە لە میدیاکانەوە باس دەکرێن و بە سەدان حاڵەتی دیکەش بە هۆی بەرژەوەندیی ڕێبەرانی ڕێژیمەوە بۆ هەتا هەتایە بە شاراوەیی دەمێننەوە. لە ڕاستییدا ئێستا گەندەڵی لەنێو سیستەمی ئابووریی ڕێژیمدا گەیشتۆتە لۆتکە، ئێستا سیستەم خەرێکی خۆخۆری و لەنێوبردنی یەکترن! شێرپەنجەیەک بە تەواو مانا کە خەریکە ئەو دەگمەن ئەندامە ماوە تەندروستانەی جەستەی ئەم ئابوورییە مایەپووچەش تووش دەکات!
گۆشەگیریی نێودەوڵەتی
سیاسەتی دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامی لە دژی وڵاتانی جۆربەجۆر لە سەرانسەری جیهان بۆتە هۆکاری بەدیهاتنی کەشوهەوایەکی گشتیی بێمتمانەیی بەرامبەر بە ڕێژێمی وەلایەتی فەقێە! ئێستا ژمارەی دۆستانی کۆماری ئیسلامی لە جیهان و ناوچەکەدا تەنانەت بە پەنجەی دەستێکیش دەژمێردرێت. نابێ ئەوەش لەبیر بکرێت کە ئەو چەند دۆستەش کە بە ڕواڵەت لەلای کۆماری ئیسلامیدا ماونەتەوە، دەیان جار نیشانیان داوە کە لە کاتی سەختی و کێشەکاندا ئامادە نین بۆ پاراستنی کۆماری ئیسلامی خۆیان بخەنە مەترسییەوە. لە ڕاستیدا ئەم وڵاتانە نەک وەک دۆستێک، بەڵکوو وەک دەوڵەتێکی بوکەڵانە و ژێردەست کە ناچارە شوێنکەوتوو و گوێڕایەڵی ئەربابەکەی بێت، سەیری کۆماری ئیسلامی دەکەن! بۆ نموونە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بە تایبەت بەرامبەر بە ڕووسیە هیچ نیشانەیەکی لە سەربەخۆیی بیروڕا یان خۆبەگەورەزانینی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە پێشهاتە جۆراوجۆرەکان نیشان نادات و ڕێژیم تەنیا لێدوانی ڕێبەرانی کرێملین دووپات دەکاتەوە!
کۆماری ئیسلامی کە بە هۆی سیاسەتی دوژمنکارانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیچ دۆستێکی نییە، زۆر هەوڵی داوە لە ڕێگەی دروستکردن و سازدانی تاقمێک هێزی بەکرێگیراوانی بەوەکالەتی ناوچەیی پێگەیەک لە ناوچەی ڕۆژهەڵات نێوەڕاست بەدەست بهێنێت، بەڵام دوای هێرشە کوشندەکانی ئەم دواییانەی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو گرووپانە و لەبەینبردنی بەشێکی بەرچاو لە توانایی شەڕکردنیان و هەورەها تیرۆر و کۆشتنی زۆرینەی سەرکردەکانیان، ئێستا دۆخی ئەو هێزانە زۆرخراپترە لە ئەوەی بتوانن هیچ شتێک بۆ دەسەڵاتدارانی تاران بکەن!
دڵخۆش بە نامەی شەیتانی گەورە!
دۆخی کۆماری ئیسلامی لەم ساڵانەی دواییدا و ڕەفتاری عەلی خامنەیی دەریخستوە کە کۆماری ئیسلامی چیتر هۆگری پاراستنی تاقمێک دروشمی بێبنەمای ئیدۆلۆژییک نییە، تەنانەت وەک پڕۆپاگەندە و تەنیا بە وشەش! دروشمگەلێک کە لانیکەم لە ڕواڵەتدا لە سەردەمی خومەینیدا پارێزراو بوون، بەڵام لە سەردەمی عەلی خامنەیی بە هۆی پەیوەندییە زۆر نزیکەکانی ڕێژیم لەگەڵ بلۆکی ڕۆژهەڵاتی پێشوو واتە چین و ڕووسیە و گوێڕایەڵی تەواوی ڕژیم بۆ ڕاسپاردە و فەرمانی ئەربابەکانی بە تەواوی پشتگوێ خران.
ئاڵقە نوێیەکەی ئەم نمایشە گاڵتەجاڕییە چەند ساڵێک لەمەوبە دەستی پێ کرد، کاتێک خامنەیی، دیکتاتۆر تاران، ئەمجارەیان بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکان، بە دەستەواژەی "نەرمینواندنی قارەمانانە" دەسپێکی جۆرێک لە دانوستان لەگەڵ ڕۆژئاوا و ئەمریکا ڕاگەیاند. ئێستا، ساڵانێک دوای ئەو ڕووداوە، ڕژیم لە خراپترین بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خۆیدا، بە هیوای دانوستانی نوێ لەگەڵ ئەمریکایە. لێدوانەکانی ئەم دواییەی عەلی خامنەیی سەبارەت بە نامەکەی دۆناڵد ترامپ دەرخەری گوڕانکارییەکی تازە لە بۆچوونەکانی دیکتاتۆر تارانە! خامنەیی دەڵێت حکوومەتی ئەمریکا دەیەوێت نیشان بدات کە ئێمە ئامادە نین دانوستان بکەین! لە ڕاستیدا خامنەیی کە ساڵانێک دانوستان لەگەڵ ڕۆژئاوا و ئەمریکای بە ناشەرعی و بێ ئەنجام و بێهودە دەزانێت، ئێستا هیچ ڕێگەیەکی دیکەی نییە جگە لە ئامێزگرتنی ئەو دانوستانانە! بەڵێ! سەرکردەی خەیاڵی موسوڵمانانی جیهان! کە لەهەر کۆر و کۆبونەوەیەکدا ساڵانێکە ئەمریکای بە شەیتانی گەورە ناودێر کردوە، ئێستا بە شێوەیەکی سەیر دڵخۆش و چاوەڕانی گەیشتنی نامەی شەیتانی گەورەیە! بەو هیوایەی کە ئەم نامەیە پێش بە کۆتاییهاتنی دەسەڵاتە پڕشوورەیی و ناوزڕێنەکەی بگرێت! بەڵێ! کۆماری ئیسلامی کە قەرار بوو کۆشکی سپی بکاتە حوسێنییە، ئێستا وەرگرتنی نامەیەک لە شەیتانی گەورەوە خۆشترین هەواڵە بۆ دیکتاتۆری پیر!
ئیستا لە دروشمی " نە ڕوژهەڵات، نە ڕۆژئاوا، کۆماری ئیسلامی" تەنیا وشەی "نە" ماوە! بەڵام ئەوەی خامنەیی نایزانێت ئەوەیە کە نە ڕۆژهەڵات و نە ڕۆژئاوا ناتوانن پێش لە ڕۆخانی ڕێژیم و دیکتاتۆری وەلایەتی فەقێە بگرن! ئەوە کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانن کە کۆتایی بە چیرۆکی کۆماری ئیسلامی دەهێنن و بۆ جێبەجێکردنی چاوەڕێ و گوێڕایەڵی هیچ هێز و دەوڵەتێکی دەرەکییش نین!