کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عێراقچی: لە ئێستادا ڕێکاری ئێمە وتووێژی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ دەوڵەتی ترامپە

10:42 - 4 خاکەلێوه 2725

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە چاوپێکەوتنێکی ئەم دواییەدا ڕایگەیاند کە خامنەیی "هۆکارێکی لۆژیکی" بۆ وتووێژی ڕاستەوخۆ نابینێت و ڕێکاری تاران وتوویژی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ دەوڵەتی دۆناڵد ترامپە.

عێراقچی لە چاوپێکەوتنێکدا کە لە کۆتایی مانگی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا ئەنجام درا و  بۆ یەکەمجار ڕۆژی یەکشەممە ٣ی خاکەلێوە بڵاو کرایەوە، بە پشتبەستن بە لێدوانەکانی عەلی خامنەیی لە وتارەکانی ئەم دواییەیدا، وتی: "تاکتیک و ستراتێژیی ئێستا"ی ئێران وتووێژی ناڕاستەوخۆیە.

ناوبراو وتی: لە دۆخێکدا کە زۆرترین گوشار هەبێت، هیچ کەسێکی عاقڵ و زیرەک ناچێتە نێو وتووێژی ڕاستەوخۆوە، لە ئێستادا تاکتیک و چارەسەری ئێمە وتووێژی ناڕاستەوخۆیە.

عەباس عێراقچی لە چاوپێکەوتنی ئەم دواییەیدا جارێکی دیکە ئاماژەی بەوە دا کە ئێران بەم زووانە وڵامی نامەکەی ترامپ بۆ خامنەیی دەداتەوە و وتی: ''ناردنی نامە و نامەنووسی بەشێکە لە دیپلۆماسی. بەڵام هاوکات دەتوانێت بەشێک بێت لە گوشار و هەڕەشە''.

دوو حەفتە لەمەوبەر لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کاناڵی تلویزیۆنی "فاکس نیووز" سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند کە نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی ناردووە و پێشنیاری دانوستانی ڕاستەوخۆی کردووە.

دواتر بەرپرسێکی ئەمریکا و دوو سەرچاوەی ئاگادار لە ناوەڕۆکی نامەکەی ترامپ بە ماڵپەڕی ئاکسیۆسیان ڕاگەیاند کە ترامپ دوو مانگی کات بە تاران داوە بۆ ئەوەی لەگەڵ واشنتگۆن بگەنە ڕێککەوتنێکی نوێی ناوکی.