کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسپێکی لێکۆڵینەوەکانی کۆنگرەی ئەمریکا سەبارەت بە دزەکردنی کۆماری ئیسلامی لە زانکۆی پرینستۆن

11:17 - 4 خاکەلێوه 2725

کۆمیتەی پەروەردەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لێکۆڵینەوەکانی سەبارەت بە دیپلۆماتێکی پێشووی کۆماری ئیسلامی کە لە زانکۆی پرینستۆن وانە ئەڵێتەوە، دەست پێ کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی کاناڵی فاکس نیووز، ١٢ نوێنەری کۆماریخوازی کۆمیتەی پەروەردەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە ناردنی نامەیەک بۆ بەرپرسی زانکۆی پرینستۆن، داوای ڕوونکردنەوەیان سەبارەت بە دزەکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی چالاکییەکانی حوسێن مووسەوییان، لەو زانکۆیە کردووە.

لە نامەکەدا هاتووە، کاتێ ئەندامێکی پێشووی ڕێژیمی ئێران لە زانکۆی پرینستۆن تریبوونی هەیە دەرخەری ئەوەیە کە پەروەردەی باڵای ئەمریکا لە بەرامبەر چەپی توندئاژۆ و دوژمنانی ئەمریکا، خۆی بە دەستەوە داوە.

حوسێن مووسەوییان پێشتر لە ڕێوڕەسمی ناشتنی قاسم سلێمانی، فەرماندەی پێشووی لقی قودسی سپای پاسداران، بەشداریی کردبوو.

ناوبراو دوو ساڵ پاش کوژرانی قاسم سلێمانی، لە بەرنامەیەکی تلویزیۆنیدا ڕایگەیاندبوو کە هاوسەری برایان هووک، نوێنەری تایبەتی ئەو کاتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، لە ترسی تۆڵەسەندنەوەی کۆماری ئیسلامی، شەوانە ناوێرێت بخەوێت.

لە ئێستادا و بە هاتنەسەرکاری دەوڵەتی نوێ لە ئەمریکا، ژمارەیەک لە کۆماریخوازانی کۆنگرە ڕایانگەیاندووە کە مووسەوییان هەوڵی بەرەوپێشپردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئەمریکا ئەدات.

نوێنەرانی کۆماریخوازی ئەنجومەن لە بەشێکی دیکەی نامەکەیاندا ئاماژەیان بەوە کردووە کە حوسێن مووسەوییان لە کاتی تێرۆرکردنی دوکتۆر سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی لە ڕێستوورانی میکۆنووس، باڵوێزی کۆماری ئیسلامی لە ئاڵمان بووە.

ئەم نوێنەرانە پشتڕاستیان کردووەتەوە کە دادگای میکۆنووس لە دۆسییەی تێرۆرکردنی سکرتێری ئەو کاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامیی لە ئاڵمان، بە ناوەندی پیلانداڕشتن بۆ ئەم تێرۆرە لە قەڵەم دابوو.

لە ئیستادا ئەم نوێنەرانە خوازیاری هەوڵی دەوڵەتی ئەمریکا بە دژی مووسەویان و کەسانی دیکەی پێوەندیدار لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە سیستمی پەروەردەی ئەمریکا بوونەوتەوە.