
له درێژه‌ی هۆشدارییه‌کان له‌مه‌ڕ هه‌ڵاوسان، هه‌ژاری، بێ‌کاری و که‌میی حه‌قده‌ستی کرێکاران له ئێران‌دا چینی هه‌ژاری کۆمه‌ڵگه به هیچ شێوه‌یه‌ک توانای دابینکردنی بژێوی ژیانیان نییه و حه‌قده‌ستیان به‌شی ده ڕۆژی سه‌ره‌تای مانگیشیان ناکات.
کاره‌ساتی نه‌داری و هه‌ژاری له ئێران‌دا له ئاستێکدایه که هه‌واڵده‌ریی ته‌سنیم سه‌ر به سپای پاسدارانیش، ڕۆژی یه‌کشه‌ممه ٣ی خاکه‌لێوه، له دووتوێی ڕاپۆرتێکدا هۆشداری داوه که سه‌رایه‌داری قوتابخانه‌کان توانای دابینکردنی بژێوی ژیانی بنه‌ماڵه‌کانیان نییه.
ئه‌و ماڵپه‌ڕه‌ی ڕێژیم بڵاوی کردووه‌ته‌وه که حه‌قده‌ستی سه‌رایه‌داری قوتابخانه‌کان له ئێران‌دا ١٠ هه‌تا ١٣ میلیۆن تمه‌ن له مانگێکدایه و له دۆخی هه‌ڵاوسانی ئێستادا به‌شی ده ڕۆژی بنه‌ماڵه‌یه‌کی که‌م حه‌شیمه‌ته و ئه‌وه‌ش بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی به دوای کاری دووهه‌مدا بگه‌ڕێن.
هه‌روه‌ها له ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردوودا به‌رپرسانی ڕێژیم چه‌ند جار به‌ڵێنی چاره‌سه‌رکردنی دۆخی ژیانی سه‌رایه‌دارانیان داوه که ڕێژه‌یان ده‌گاته ٤٨ هه‌زار که‌س به‌ڵام هه‌تا ئێستا ئه‌و به‌ڵێنییانه به هیچ جێگه‌یه‌ک نه‌گه‌یشتووه و خه‌می نان خه‌ریکه تامی شیرینی سه‌ری ساڵی سه‌رایه‌داران له زاریاندا تاڵ ده‌کات.
هه‌ر له‌و پێوه‌ندییه‌دا سه‌رایه‌دارانی قوتابخانه‌کانی ئێران چه‌ندین جار له به‌رامبه‌ر بینای به‌رنامه و بوودجه و مه‌جلیسی ڕێژیم گردبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تییان به‌ڕێوه بردووه و خوازیاری زۆرترکردنی حه‌قده‌ستی خۆیان و چاره‌سه‌رکردنی دۆخی ناله‌باری ژیانیان کردووه و ڕایانگه‌یاندووه که ئه‌گه‌ر و‌ڵامیان نه‌درێته‌وه چیتر ئه‌و کارە ناکه‌ن و به دوای کاری دیکەدا ده‌گه‌ڕێن.