
لە دوای گوشارە بەرفراوانەکان بۆ سەر مامۆستایان لە کوردستان، مامۆستایەکی خاوەن ڕابردووی بەشی دواناوەندی لە دێولان دوای ٢٣ ساڵ وانەوتنەوە لە کارەکەی دوور خرایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی مافی مرۆڤی کوردپا، "ڕاوین مەتاعی"، شارەزای شیمی و مامۆستای کورد لە دێولان بە ئەزموونی ٢٣ ساڵ وانەوتنەوە، لە لایەن لێژنەی پێداچوونەوە و لێکۆڵینەوە بە پێشێلکارییە ئیدارییەکانی ڕێژیم لە بواری پەروەردەدا، لە کارەکەی دوور خرایەوە.
ئاژانسی کوردپا بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند کە ئەم سزایە لە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ بەم مامۆستا کورد ڕاگەیەندراوە.
ئەم مامۆستایە لە مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٣ دا لەلایەن لێژنەی پێداچوونەوە و لێکۆڵینەوە بە پێشێلکاریی ئیداریی پەروەردە و ڕاهێنانی پارێزگای سنەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە بەدژی ڕێژیم"، "سووکایەتی بە کادری سپای پاسداران"، "سووکایەتی بە ئیسلام" و "پڕوپاگەندە بە دژی ڕێژیم" بە یەک ساڵ دوورخستنەوە لە خزمەت و کارکردن سزا درابوو.
ئەم سزایە، دوای پێداچوونەوەی لەلایەن لێژنەی ناوبراوەوە گۆڕدراوە بە دوورخستنەوەی هەمیشەیی لە کارەکەی.
پێشتریش لە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوودا، ٤٧ مامۆستای کورد لە شارەکانی سنە، مەریوان، سەقز، دیواندەرە، زێویە، و دێولان، لە ژێر گوشارە و بڕیاری ئیدارەی پەروەردەی سنە ڕووبەڕووی سزای قەتکردنی پلەبەندی، دوورخستنەوە لە کار بۆ ماوەیەکی دیاریکراوە و دەرکردنی هەمیشەیی لە کارەکانیان بوونەوە.