
قەیرانی کۆچی زاناکان کە ساڵانێکە لە ئێران بەرۆکی پزیشک و پەرستارانی گرتبوو ئێستا گەیشتووەتە یەکێک لە کۆڵەکە بنەڕەتییەکانی سیستەمی پەروەردەیی، ئەویش ئەندامانی لێژنەی زانستیی مامۆستایانی زانکۆیە.
محەممەد جەلیلی، بەرپرسی ناوەندی لێژنەی زانستی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم، ڕۆژی یەکشەممە ٣ی خاکەلێوە، ڕایگەیاند کە کۆچی مامۆستایانی زانکۆ گەیشتووەتە زانکۆ گەورەکان و بەشێکی زۆریان یان کۆچ دەکەن بۆ دەرەوەی وڵات یان ڕوو لە کارە نائاکادێمییەکان دەکەن.
جەلیلی نیگەرانیی خۆی لەو ڕەوتە دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە کە نابێت مامۆستایانی زانکۆ بە ئاسانی لەدەست بدرێن.
ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی کە هیچ ئامارێکی فەرمی و ورد لەسەر ڕێژەی ڕۆیشتنی مامۆستایان نییە، بەڵام ئەم بابەتە بووەتە یەکێک لە نیگەرانییە سەرەکییەکانی زانکۆکان.
جەلیلی وێڕای داوای لابردنی سەقفی پارەدان بە مامۆستایانی لێژنەی زانستی و زانکۆکانی پزیشکی کە کەمترین مووچەی ئەندامانی لێژنەی پزیشکی نزیکەی ٢٠ ملیۆن تمەنە و سەقفی داهاتیان بە ٦٠ ملیۆن تمەن ڕاگەیندراوە، ئەم سنووردارکردنەی بە نالۆژیکی ناو برد و جەختی لەسەر پێویستیی لابردنی کردەوە.
لەم ساڵانەی دواییدا، جگە لە کۆچ بۆ دەرەوەی وڵات زۆرێک لە مامۆستایانی زانکۆ ڕووبەڕووی سنووردارکردنی پیشەیی و کێشەی سیاسی بوونەتەوە.
هەروەها لە زۆر حاڵەتدا، مامۆستاکان بەهۆی بەشداریکردنیان لە بزووتنەوە جەماوەرییەکان، یا دەربڕینی بۆچوونی ڕەخنەگرانە، یان بەهۆی چالاکیی مەدەنییەکان، لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە، یان بە زۆر خانەنشین کراون.
بە وتەی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران، لە سەردەمی بزووتنەوەی ژینادا، زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ مامۆستای زانکۆ بە هۆی پشتیوانی لە خوێندکاران و پەیوەستبوون بە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانەوە، ڕووبەڕووی سزای ئیداری بوونەتەوە.
جگە لەوەش نزمیی ئاستی خۆشگوزەرانی و بژێوی ژیان و دابەزینی پێگەی کۆمەڵایەتیی مامۆستایان و سنووردارکردنی ماڵی و دارایی هۆکاری سەرەکیی ئەم شەپۆلەی وازهێنانی مامۆستایانی زانکۆیە.