کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەماس کوژرانی دوو ئەندامی باڵای خۆی لە هێرشێکی ئیسرائیلدا پشتڕاست کردەوە

17:01 - 4 خاکەلێوه 2725

گرووپی حەماس کوژرانی دوو ئەندامی نووسینگەی سیاسیی خۆی لە دوایین هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە پشتڕاست کردەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٣ی خاکەلیوە، حەماس لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەی خان یوونس لە غەززە، سەلاح ئەلبەردەویل و ئیسماعیل بەرهووم، دوو ئەندامی باڵای نووسینگەی سیاسیی ئەم گرووپە چەکدارە، کوژراون.

ئیسرائیل پێشتر و چەند کاتژمێر پاش ئەنجامی هێرشەکەی، کوژرانی ئەم دوو ئەندامەی گرووپی حەماسی ڕاگەیاندبوو.کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانیی لێ دەکرێت.

هەروەها ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە دوو فەرماندەی باڵای حەماس لەم هێرشەدا لەگەڵ بەردەویل و بەرهووم کوژراون کە ناوەکانیانی بە ئەحمەد سەلمان و جەمیل عومەر وەدیع هێناوە.

لە ڕۆژانی ڕابردوو و پاش کۆتاییهاتنی ماوەی ئاگربەستی کاتی لە غەززە و هەروەها ئازادنەکردنی بارمتەکانی دیکەی ژێر دەستی حەماس، ئەرتەشی ئیسرائیل هێرشەکانی خۆی بۆ سەر غەززە دەست پێ کردەوە.

بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە کە تا ئازادکرانی هەموو بارمتەکان، هێرشەکان بەردەوام دەبێت.

ئیسرائیل باسی لە دەسپێکی هێرشکی زەمینی بەربڵاوی دیکەی لە غەززە کردووە کە بەم پێێە دانیشتووانی کەرتەکە ناچارن بۆ جاریکی دیکە شوێنی مانەویان بەجێ بهێڵن.

هەر لە پێوەندیی لەگەڵ دەسپێکردنەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە وتووێژێکی تلفۆنیدا لەگەڵ بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، پشتیوانیی واشینگتۆنی لەم وڵاتە بۆ ئازادکردنی هەموو بارمتەکانی ژیر دەستی چەکدارانی حەماس ڕاگەیاند.