
وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند کە دوابەدوای زیادبوونی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر کۆماری ئیسلامی، کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێران بە بەڵگەنامەی ساختەی عێراق نەوتی خاوی ئێران دەگوازنەوە.
حەیان عەبدولغەنی لە چاوپێکەوتنێکی تلویزیۆنیدا ڕۆژی یەکشەممە ٣ی خاکەلێوە ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەمریکا لە کۆتا مانگی ٢٠٢٤دا دەستیان بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێرانی لە کەنداوی فارسدا گرتووە کە بەڵگەنامەی بەرپرسانی نەوتی عێراقی پێ بووە.
بە وتەی ئەو بەرپرسە عێراقییە، هێزی دەریایی ئەمریکا حکوومەتی ئەم وڵاتەی ئاگادار کردووەتەوە کە چەند کەشتییەکی نەوتهەڵگر بە بەڵگەنامەی عێراقییەوە هاتوچۆیان کردووە.
عەبدولغەنی لە درێژەدا وتوویەتی، ئەو تانکەرانە ئێرانین و "بەڵگەنامەی ساختەی عێراقیان بەکار هێناوە".
هاوکات لەگەڵ زیادبوونی گەمارۆ تاک لایەنەکانی ئەمریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامی و بەرتەسکبوونەوەی مەیدان بۆ ئەو ڕێژیمە، دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران بۆ دەستکەوتنی پارەی نەوت پەنایان بۆ چەندین ڕێگە بردووە.
بەو حاڵە وەزارەتی نەوتی ئێران تا ئێستا وڵامی پرسیاری هەواڵدەریی ڕۆیتێرزی لەوبارەوە نەداوەتەوە و تا ئێستاش هیچ وڵامێک لە لایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییەوە بۆ ئەم تۆمەتەی وەزیری عێراق نەبووە.
دۆناڵد ترامپ لە دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، جارێکی دیکە سیاسەتی "زۆرترین گوشار"ی لە دژی ئێران پەیڕەو کردووە، سیاسەتێک کە هەوڵدان بۆ سیفرگەیاندنی هەناردەکردنی نەوتی ئێران بە ئامانجی ڕێگری لە تەیارکردنی گرووپە میلیشیاکان و دەستپێڕاگەیشتنی چەکی ناوکی لەخۆ دەگرێت.
هاوکات دۆناڵد ترامپ لە چوارچێوەی هەڵمەتی کەمکردنەوەی هەناردەی نەوتی ئێران، گوشارەکانی لەسەر عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان زیاد کردووە و هەڕەشەی ئەوەشی کردووە ئەگەر وا نەکەن، هەر وەک ئێران ڕووبەڕووی گەمارۆکانی واشنگتۆن دەبێتەوە.