
لە ڕۆژانی ڕابردوودا و پاش ئەوەی کە ئێستیڤێن ویتکاف، نوێنەری تایبەتی دەوڵەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، باسی لە ئەگەرەکانی سەردانی خۆی بۆ ئێران کرد، بەرەی ڕێفۆرمخوازی دەسەڵات هەڵوێستی ئەرێنییان بەم قسانەی ویتکاف نیشان دا.
نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترامپ ڕۆژی هەینی ١ی خاکەلێوە لە وتووێژێکدا بە ئاماژەدان بە ئاڵۆزیی دۆسییەی ناوکیی ئێران ڕایگەیاندبوو، پێویستە کە لە کەسانی پسپۆڕ لەم بوارەدا کەڵک وەربگیرێت و سەردانی ئێران بکرێت.
ویتکاف زیادی کردبوو کە ئەگەری هەیە خۆی یان کەسێکی دیکە لە تیمەکەی دۆناڵد ترامپ سەردانی تاران بکات.
ئەگەرچی تاکوو ئێستا هیچ کاردانەویەکی فەرمی لەلایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە بەم قسانەی ویتکاف بڵاو نەکراوەتەوە بەڵام ماڵپەڕی نوور نیووز سەر بە شۆرای باڵای ئەمنییەتی ڕێژیم لە پەیامێکدا بە زمانی ئینگلیسی ڕایگەیاندووە: "شێوەقسەی ویتکاف لێکتێنەگەیشتنەکان چارەسەر ناکات چونکە هیچ ئاڵوگۆڕێک لە ڕەوشتی ئەمریکادا نابیندرێت".
ئەم سەرچاوەی سەر بە ڕێژیم لە درێژەدا نووسیویەتی: "واشینگتۆن لە ستراتیژیی گوشاری هەمەلایەنە و پێشنیاری دانوستان بەردەوامە ، ئەگەر ئەمریکا خوازیاری پڕۆسەیەکی نوێ بۆ تاقیکردنەوەی بابەتی ناوکیی ئێرانە، سەرەتا دەبێت بەڵگەی متمانەپێکراو سەبارەت بە هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ دەسپێڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی بخاتە ڕوو".
ویتکاف لە قسەکانیدا ڕایگەیاندبوو کە دەبێت مێکانیزمێکی تایبەت بۆ تاقیکردنەوەی نێوەڕۆکی ئاشتیخوازانەی بەرنامەی ناوکیی ئێران بگیردرێتە بەر.
نەسروڵلا تاجیک، باڵوێزی پێشووتری کۆماری ئیسلامی لە ئۆردۆن و نزیک لە ڕێفۆرمخوازەکانی ڕێژیم لە هەژماری ئیکسی خۆیدا بە ئاماژەدان بە قسەکانی ویتکاف، پێشنیاری کردووە کە تاران بەر لەوەی کە وڵامی نامەکەی دۆناڵد ترامپ بداتەوە، بانگهێشتی ئێستیڤێن ویتکاف بکات.
هەر لەم پێوەندییەدا محەممەد سۆحۆفی، ڕۆژنامەوانی ڕێفۆرمخواز، بە ئاماژەدان بە قسەکانی تاجیک ڕایگەیاند کە تەنیا ئەو نییە کە پشتیوانی لە هاتنی ویتکاف بۆ تاران دەکات و دیپلۆماتە پێشووەکانی وەزارەتی دەرەوەش لە سەر ئەو بڕوایەن کە نابێت داخوازیی نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترامپ، ڕەت بکرێتەوە.
جیا لەم دوو کاردانەوە، چەند کەسایەتییەکی دیکەی سەر بە ڕێفۆرمخوازەکان، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پشتیوانیی خۆیان بۆ هاتنی ویتکاف بۆ تاران ڕاگەیاندووە.
وێدەچێت کە لە ڕۆژانی داهاتوودا کاردانەوەی توندئاژۆکانی ڕێژیم سەبارەت بە لێدوانی ویتکاف و هەڵوێستی ڕێفۆرمخوازەکان ، بێتە ئاراوە.
لە ماوەی ڕابردوودا و پاش قسەکانی خامنەیی سەبارەت بە ناڕەوابوونی وتووێژکردن لەگەڵ ئەمریکا، کۆمەڵێک لە توندئاژۆکانی ڕێژیم هەر چەشنە دانیشتن و دانوستانێکیان لەگەڵ ئەمریکا بە هەڵەیەکی گەورە زانیبوو.
جێی ئاماژەیە کە حەسەن ڕۆحانی سەرۆککۆماری پێشووتری ئێران لە ڤیدۆیەکدا کە ماوەیەک پاش قسەکانی خامنەیی بڵاو کرایەوە ڕایگەیاندبوو کە خامنەیی لە ئێستادا و بەم دۆخەی هەنووکە وتووێژکردن لەگەل ئەمریکا بە باس نازانێت و ڕەنگە لە داهاتوودا ئەم ڕوانگەی ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێت.