کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێگریی هێزەکانی ڕێژیم لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە شارەدێی دزێی مەرگەوەڕ

12:15 - 5 خاکەلێوه 2725

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات، بڕیار بوو ڕۆژی دووشەممە ٤ی خاکەلێوە لە شارەدێی دزێی مەرگەوەڕ سەر بە شاری ورمێ ڕێوڕەسمی نەورۆز بەڕێوە بچێ بەڵام هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێران ڕێگرییان لە بەڕێوەچوونی ئەو ڕێوڕەسمە کرد.

ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی دزێ و ئاواییەکانی ناوچەی مەرگەوەڕ بە تایبەت ژنان و کچان وەک ساڵانی پێشوو کۆ بوونەوە تاکوو ئەو ڕێوڕەسمە بەڕێوە ببەن، بەڵام هێزەکانی ڕێژیم سەرەتا لە ڕێگەی پێوەندی تلفۆنی هەڕەشەیان لە ئامادەبووان لە شوێنی ڕێوڕەسمەکە کرد و دواتریش بە هێنانی هێزێکی زۆر بڵاوەیان بە خەڵک کرد.

زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زیاتر لە ١٠ ماشینی هێزەکانی ڕێژیم بە چەکەوە هاتبوونە شوێنەکە.

لە لایەکی دیکەوە هێزەکانی ڕێژیم لە ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە ڕێگەی بانگکردن و پێوەندیی تلفۆنییەوە هەڕەشەیان لە دێهیار و بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمەکە کردبوو کە نابێ بە هیچ شێوەیەک خەڵک کۆ ببێتەوە.

ڕێژیم بۆ پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی نەورۆزیی هەزاران کەسیی ورمێ، مۆڵەتی بەڕێوەبردنی هەموو ڕێوڕەسمەکانی ورمێی تەنیا بۆ ڕۆژی ٢٨ی ڕەشەمە دابوو، بەڵام خەڵکی تێگەیشتووی ورمێ، لە بڕیارێکی نەتەوەییدا، لە ڕۆژی ٢٨ی ڕەشەمە بەشدارییان لە ڕێوڕەسمە گەورەکەی ورمێ کرد و دواتر لە گوندەکانی خۆیان ڕێوڕەسمی دیکەیان بەڕێوە برد.