کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی لانیکەم ١٥ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەربڵاو تەنیا لە دوو ڕۆژدا

17:18 - 3 خەرمانان 2726

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "هێرانا"، تەنیا لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی موخابرات و کرێکاران و هاووڵاتییان لە شارەکانی کرماشان، ئیلام، سنە، بیجاڕ، بەندەرعەباس، تاران، هەمەدان، شیراز، ئەهواز، چابەهار، ئێرانشار، ئێسفەهان، دێزفوول و شادگان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هێرانا، خانەنشینکراوانی ناڕازی داوای جێبەجێکردنی قۆناغی سێیەمی هاوسەنگکردنی مووچە، جێبەجێکردنی ئاییننامەی "دامەزراندن" و هەروەها بەدواداچوونیان بۆ کێشەی بیمەکانیان کردووە.

ڕۆژی دووشەممە ٢ی خەرمانان، ژمارەیەک لە خانەنشینکراوانی "زەوب ئاهەن" و "فوولاد"ی ئێسفەهان لە بەرانبەر بینای پارێزگاری ئەم شارەدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

ئەو خانەنشینکراوانە جەختیان لەسەر پێویستیی دابینکردنی بیمەی بنەڕەتی و تەواوکاری بۆ کرێکاران کردووە و باسیان لەوە کردووە کە بڕگەی ١٩ی پەسەندکراوی زیادبوونی مووچەکانی ساڵی ١٤٠۵ لە ١٢ی خاکەلێوەدا، جێبەجێ نەکراوە.

هەروەها ژمارەیەک لە کرێکارانی کۆمپانیای ئەرگ و پەی چابەهار بۆ چەندەمین ڕۆژی بەردەوام، لە ناڕەزایەتی بەرانبەر بە دواکەوتنی مووچەی سێ مانگەیان، مانیان گرت.

بەپێ ڕاپۆرتی سەندیکای ئازادی کرێکارانی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ٢ی خەرمانان، ژمارەیەک لە کاسبکاران و بازاڕییانی نیشتەجێی ئەهواز لە بەرانبەر زانکۆی چەمرانی ئەو شارەدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

بە وتەی ناڕازییان، ئەم کۆبوونەوەیە لە ناڕەزایەتی بە نەدانی ماف و قەرزە دواکەوتووەکانیان کە لە ساڵی ١٤٠١ـەوە پێیان نەدراوە، ئەنجام دراوه.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، کۆمەڵێک لە کرێکارانی گرێبەستی سەوزایی شارەوانیی ئیلام سێ مانگە مووچەیان پێ نەدراوە و ئەوەش ناڕەزایەتی و مانگرتنی ئەو کرێکارانەی لێکەوتەوە.

 لەلایەکی ترەوە، ژمارەیەک لە کارمەندانی هێڵی ئاسمانیی شیراز ڕووبەڕووی دواکەوتنی مووچە، پچڕانی بیمە و نادیاریی داهاتووی کاری بوونەتەوە و لە ڕێگەی ناڕەزایەتی و مانگرتنەوە، داوای مافەکانیان دەکەن.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی شارەکانی ئەهواز و دێزفوول دەستیان داوەتە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەربڵاو.

خانەنشینانی ناڕازی داوای پێدانی مووچەی مانگانە و قەرزەکان لە کاتی خۆیدا، جێبەجێکردنی دروستی سیستەمی گونجاندن، جێبەجێکردنی ماددەکانی ٩٦ و ٥٤ی یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ دەرمانی بێبەرانبەر و جێبەجێکردنی مادەی ٦٩ سەبارەت بە بیمەی تەواوکاری خانەنشینان و کارمەندانی سازمانەکە دەکەن.

هەر لە پێوەندییەدا، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوانی لە شارەکانی کوردستان لەوانەش کرماشان، سنە، و بیجاڕ بەڕێوە چووە.

هەروەها لە شارەکانی ڕەشت، شووش و تاراندا چەندین کۆبوونەوەی هاوشێوەی بەڕێوە چوون.

هاوکات ڕۆژی یەکشەممە ١ی خەرمانان، ژمارەیەک لە کرێکارە دەرکراوەکانی پیشەسازیی فوولادی شادگان لە بەرانبەر ئەم کۆمپانیایەدا کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

ئەم کرێکارانە کە ژمارەیان نزیکەی ١٠٠ کەسە و لە بەشی دروستکردن شێوەی پەیمانکاری کاریان کردووە، ڕایانگەیاندووە کە لە چەند مانگ پێشەوە و لەگەڵ تەواوبوونی پڕۆژەکەدا، وردەوردە لە کار دەرکراوین؛ ئەمە لەکاتێکدایە کە ئێمە لە سەرەتای دروستکردنی پڕۆژەکەدا بەشدار بووین و ئەو پڕۆژەمان لە سفرەوە دروست کردووە.

هاوکات ژمارەیەک لە هاووڵاتییان لە ناڕەزایەتیی بە نەدانی ماشین، بەرانبەر نووسینگەی "پارس خۆدرۆ" کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی دۆخی مافی مرۆڤی لە ئێران، لە ساڵی ١٤٠٤دا لانیکەم ٢٥٥١ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە ئێراندا بەڕێوە چووە.

ئەم کۆبوونەوانە بریتیین لە؛ ٧٢٤ حاڵەتی کرێکاری، ٧٥٧ کۆبوونەوەی پیشەیی، ٧٩٣ حاڵەتی ئازادیی ڕادەربڕین، ٤٠ کۆبوونەوەی خوێندکاری و ٣٢ حاڵەتی پەیوەندیدار بە ژینگە.

 هەروەها ٢٠٥ کۆبوونەوەی تریش لەلایەن هاووڵاتییانەوە لە ٣١ پارێزگادا بەڕێوە چووە. سەرباری ئەمە، لانیکەم ٤١ مانگرتنی پیشەیی و ٣٩٠ مانگرتنی کرێکاریش تۆمار کراون.