عەرەبستانی سعوودی و فەرانسە لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا لە کۆتایی سەردانی فەرمیی شازادەی جێنشینی عەرەبستانی سعوودی بۆ پاریس، جەختیان لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی دانوستانەکانی کێشەی ناوکیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کردەوە.
بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوە کە دوای کۆبوونەوەی محەممەد بن سەلمان و ئێمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرانسە، کە ڕۆژی دووشەممە بڵاو کرایەوە، هەردوو وڵات پابەندبوونی خۆیان بە «چارەسەری دیپلۆماسی کە سروشتی ئاشتییانەی بەرنامەی ناوکیی ئێران مسۆگەر بکات» دووپات کردەوە.
لەو ڕاگەیەندراوەدا هۆشداری بە ڕێژیمی تاران دراوە کە دەبێت تەواوی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی دەست پێبکاتەوە.
هەردوو وڵات هەروەها لەو ڕاگەیەندراوەدا، هێرشکردنەسەر کەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هۆرمۆز و هەڕەشەکردن لە ئاسایشی ڕێڕەوە ئاوییەکانیان لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە مەحکووم کرد و جەختیان لەسەر پێویستیی گەڕاندنەوەی هاتوچۆ لەم ڕێڕەوە ستراتیژییە بۆ دۆخی پێش ٩ی ڕەشەمە کردەوە.
بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوە، هەردوو وڵات بە دیاریکراوی داوای ئازادیی دریاوانی، هاتوچۆی ڕێکوپێکی کەشتیوانی و نەبوونی هیچ باجێک یان سنووردارکردنێکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان لەسەر تێپەڕبوون کرد.