ڕۆژی دووشەممە ٢ی خەرمانان، سەید ئیبراهیم ئیسماعیلزادە، ناسراو بە «سەیدبرایم سەقزی»، هونەرمەندی بەتوانا و دیاری کوردستان لە تەمەنی ٧٨ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە، لە شاری سەقز کۆچی دوایی کرد.
کاک سەید برایم ساڵی ١٣٢٧ی هەتاوی لە ئاوایی حاجی لەک، لە ناوچەی چۆمی مەجیدخانی بۆکان لە دایک بوو و لە ساڵی ١٣٤١ی هەتاویەوە ماڵی هاتە سەقز و لەو شارە نیشتەجێ بوو.
سەید برایم بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەنگێکی ئاشنا بوو و ساڵانێکی زۆر خزمەتی بە هونەری فۆلکلۆری کوردەواری و کلتووری گەلەکەی کرد.
ناوبراو بە هونەرەکەی کۆڕی شایی و زەماوەند و گۆڤەندەکانی دەڕازاندەوە و کەسێکی خەڵکی و قسەخۆش بوو.
ناوبراو هۆگری مۆسیقای فۆلکلۆری کوردەواری بوو و بە دەیان بەرهەمی کۆنی کوردەواری زیندوو کردووەتەوە و لە فەوتان ڕزگاری کردوون.
ناوبراو لە دڵی خەڵکدا بە کەسێکی مرۆڤدۆست و خێرخواز دەناسرا و جێگای ڕێزی تایبەتی خەڵک بوو.
تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی شاری سەقز، هونەرمەندان و ئەدەبدۆستانی کوردستاندا لە گۆڕستانی ئایچی بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.