
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا بە ئاماژەدان بەوەی کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەڕەشەیە بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەیی و جیهانی، هۆشداری دا کە ئەو ڕێژیمە لە هیچ بارودۆخێکدا نابێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت.
ڕۆژی دووشەممە ٤ی خاکەلێوە، کایا کالاس لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ گیدۆن ساعر وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران هەرگیز نابێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت.
ناوبراو، جەختی لە پاڵپشتی یەکیەتیی ئورووپا بۆ هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ڕێگیریکردن لە دەستپێڕاگەیشتنی تاران بە چەکی ئەتۆمی کردەوە.
گیدۆن ساعر هەروەها لەو کۆبوونەوە ڕۆژنامەوانییەدا ڕایگەیاند کە ئیسرائیل بۆ بەرگریکردن لە بەهاکانی جیهانی ئازاد شەڕ لەگەڵ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و گرووپە نیابەتییەکانی دەکات.
ئەمە لە کاتێکدایە کە مایک واڵتز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی ڕۆژی یەکشەممە ٣ی خاکەلێوە ڕایگەیاند کە ئەمریکا جەخت لەسەر هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ڕێژیمی ئیسلامی دەکاتەوە.
واڵتز زیادی کرد: هەموو بژاردەکان لەسەر مێزن و کاتی ئەوە هاتووە کە ڕێژیمی ئێران دەستبەرداری بەرنامەی چەکی ئەتۆمی بێت، هەروەها تاران ئەگەر درێژە بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی بدات، دەبێ ڕووبەڕووی دەرئەنجامەکانی ببێتەوە.
بەرنامەی ناوکیی کۆماری ئیسلامی لەم دواییانەدا پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، کە ئامانجی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیم بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی ئاشکرا دەکات و نیگەرانیی بەربڵاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لێ کەوتووەتەوە.
لە کۆتایی مانگی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا، ڕافائێل گروسی هۆشداری دا کە ڕێژیمی ئێران لە بەزاندنی بەربەستی ئەتۆمی زۆر نزیک بووەتەوە.