
بەپێی ڕاپۆرتەکان لە بڕیارنامەی شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان، بڕیارە کەمتر لە دە ڕۆژی دیکە لەلایەن ئەندامانی ئەم شۆرایەوە دەنگی لەسەر بدرێت، مەئمورییەتی ڕاپۆرتنێری تایبەت و کۆمیتەی سەربەخۆی دۆزینەوەی ڕاستییەکان سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە درێژ کرایەوە.
لەم بڕیارنامەیەدا، وێڕای شەرمەزارکردنی پێشێلکاریی سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، شۆرا داوای لە کۆماری ئیسلامی کردووە کە هاوکاریی تەواو لەگەڵ ڕیپۆرتێری تایبەت و کۆمیتەی سەربەخۆی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران گەرەنتی بکات.
دەقی ئەم بڕیارنامەیە لەلایەن وڵاتانی ئیسلەند، ئاڵمان، مەقدوونییەی باکوور، مۆڵداوی، بریتانیا و ئێرلەندی باکوور ئامادە کراوە و ڕێکەوتی یەکی خاکەلێوە ڕادەستی سکرتاریای شۆرا کراوە.
سکرتای شۆرا ئەرکدارە ئەم دەقە بخاتە بەردەم نوێنەرایەتی ٤٨ وڵاتی ئەندامی شۆرا بۆ ئەوەی بتوانن لە یەکێک لە کۆبوونەوەکانی چوارشەممە ١٣ یان پێنجشەممە ١٤ی خاکەلێوە دەنگی لەسەر بدەن.
شۆرای مافی مرۆڤ لەم بڕیارنامەیەدا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی سەبارەت بە "پێشێلکردنی بەربڵاوی مافە مەدەنی، سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان" لە ئێران، بە تایبەتی سەرنجی خستووەتە سەر سەرکوتی توندی ژنان، کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینییەکان و هەروەها زیادبوونی بەردەوامی لەسێدارەدانەکان.
ئەم شۆرایە بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدانی وەک ئامرازێک بۆ دروستکردنی ترسی گشتی و سەرکوتی سیاسی مەحکووم کردووە و هۆشداری داوە کە ئەم ڕەوتی سزادانە، لە نموونەی پێشێلکارییەکی جیددیی یاسای نێودەوڵەتییە.
بەپێی ئەم بڕیارنامەیە، سەرکوتکردنی سیستماتیکی ئازادیی ڕادەربڕین و کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان، بەرتەسککردنی چالاکیی ڕۆژنامەنووسان و میدیاکاران، داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و چالاکانی مەدەنی، توندوتیژیی فرەلایەنە و هەڵاواردن لە دژی کەمینەکان وەک گرینگترین نموونەی پێشێلکاریی بەردەوامی مافی مرۆڤ لە ئێراندا دەناسرێن.