
بەشی وەرزشیی ناوەندی پەروەردەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی هاتنی نەورۆزی ٢٧٢٥ی کوردی کە بە نەورۆزی خاکیپۆشان ناودێر کرا، خولێکی تۆپی پێی بەڕێوە برد کە بە پاڵەوانیەتیی یانەی زاگرۆس کۆتایی پێ هات.
خولەکە بە بەشداریی ١١ یانەی پێکهاتوو لە هەموو بنکەکانی حیزب و هێزەکانی زاگرۆس لە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕەشەمە تاکوو ٤ی خاکەلێوە لە ماوەی ٩ ڕۆژدا و بە بەشداریی ١٢٠ یاریزان و ئەنجامی ٥٣ یاری لە یەکێک لە بنکەکانی حیزب بەڕێوە چوو.
ڕۆژی دووشەممە ٤ی خاکەلێوە پاش کۆتاییهاتنی یاریی کۆتایی لە ڕێوڕەسمێکدا یانەکانی یەکەم تا سێهەم خەڵات کران.
لە ڕێوڕەسمەکەدا چەند وتەیەک لەلایەن کاک هیوا میرزایی، جێگری ناوەندی پەروەردەی حیزبەوە پێشکەش کرا و پاشان ڕاپۆرتی چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی خولەکە لەلایەن کاک عەلی مەولاننژاد، بەرپرسی بەشی وەرزشیی ناوەندی پەروەردە خوێندرایەوە.
یانەی زاگرۆس وەک پاڵەوانی خولەکە خەڵاتی یەکەمی لەلایەن بەڕێز عومەر باڵەکی، بەرپرسی ناوەندی پەروەردەی حیزبەوە پێشکەش کرا و هەروەها یانەکانی خاکیپۆشان و ئێف سی ئازادی، وەک دووهەم و سێهەمی خولەکە خەڵات کران.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا شارۆ ڕەسووڵی وەک باشترین یاریزان، ڕەزا جەهانگیری، باشترین گوڵکار، کارزان حەسەنپوور، باشترین گۆڵپارێز و ئاوات عێزەتپەنا وەک یاریزانی نموونەی ئەخلاقی خولەکە ناسێندران و لەلایەن کاک هیوا میرزاییەوە خەڵاتیان پێشکەش کرا.