
کۆمەڵگەی زانیارییەکانی ئەمریکا لە دوایین ڕاپۆرتی خۆی لە ساڵی ٢٠٢٥ی زایینیدا، کۆماری ئیسلامیی ئێران و چالاکییەکانی بە سەرەکیترین هۆکاری گرژییە نێودەوڵەتییەکان زانی.
ڕاپۆرتەکە بە وردی پەرژاوەتە سەر پرسی ناوکیی کۆماری ئیسلامی و سیاسەتەکانی لە ناوچەکە و جیهاندا کە بووەتە هۆی پەرەدان بە گرژییە نێودەوڵەتییەکان.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بەرنامە ناوکییەکانی ئێران سەرەکیترین هۆکاری گرژییەکانی نێوان تاران و ڕۆژاوایە هەر چەند کە زانیارییەکانی ئەم ناوەندە باس لەوە دەکات کە عەلی خامنەیی تاکوو ئێستا فەرمانی دەسپێکردنەوەی بەرنامەکانی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمیی نەداوە کە لە ساڵی ٢٠٠٣ی زایینیدا ڕاگیراوە.
ڕاپۆرتەکە لەم پێوەندییەدا زیادی کردووە کە تاران هیچ وڵامێکی بۆ داواکارییەکانی ئاژانس سەبارەت بە دۆزینەوەی ئۆرانیۆم لە چەند شوێنی ڕانەگەیەندراودا نەبووە و هەر ئەم بابەتەش نیگەرانییەکانی لەهەمبەر دەسپێڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە چەکی ئەتۆمی زیاتر کردووە.
ئەم ناوەندە لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەیدا بە ئاماژەدان بە هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ گوشارخستنەسەر ئەمریکا تاکوو لە ناوچەکە بیکاتە دەرەوە هێناویەتی، تاران ئەم مەبەستەی لە ڕێگەی پڕچەککردنی میلیشیاکانیەوە لە ناوچەکەدا بردووەتە پێش، بە شێوەیەک کە تاکوو ئێستا ئەم هێزانە کۆمەڵێک هێرشیان لە ماوەی ئەم ساڵانەدا کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
کۆمەڵگای زانیارییەکانی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەی خۆیدا دەپەرژێتە سەر توانا مووشەکی و دڕۆنییەکانی کۆماری ئیسلامی و لەم پێوەندییەدا بە ئاماژەدان بە بەرەوپێشبردنی بەرنامە مووشەکی و دڕۆنییەکانی تاران، ڕایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا گەورەترین پاشەکەوتەکانی مووشەکی بالستیک و دڕۆنی لە هەموو ناوچەکەدا هەیە.
ڕاپۆرتەکە لە چەند بەشی دیکەدا بە وردی باسی لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ پێوەندی دروستکردن لەگەڵ وڵاتانی دیکەی وەک چین و ڕووسیە کردووە تاکوو لەم ڕێگەیەوە بتوانێت کاریگەریی گەمارۆکانی ئەمریکا کەم بکاتەوە و هەروەها باسێک لە سەر قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ئێران کراوە کە دەتوانێت لە ئاکامدا خۆپیشاندانێک هاوشێوەی خۆپیشاندانەکانی ژینا، لە داهاتوودا دروست بکات.
هەروەها ئەم ناوەندە بەهێزبوونی توانا سایبێرییەکانی کۆماری ئیسلامیی بە هاوکاریی ڕووسیە بە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ ئەمنییەتی تۆڕ و داتاکانی ئەمریکا زانیوە و جەختی کردووەتەوە کە تاران بە شیوەیەکی بەربڵاو لە هێرشە سایبێرییەکان بۆ خۆسەپاندنی خۆی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا کەڵک وەردەگرێت.