
سەرەڕای جەختکردنەوە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا لەسەر خواستی دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەکی دیپلۆماسی بۆ چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران، مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، تاران هیچ مەیلێکی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی نییە.
ڕۆبیۆ ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی ڕەشەمە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "سی بی ئێس" ڕایگەیاند، تا ئێستا ئێران هیچ پەیوەندییەکی بە واشنگتۆنەوە نەگرتووە و وتیشی: دەسەڵاتدارانی ئێران هیچ مەیلێکیان بەو ڕێککەوتنە نیشان نەداوە، هەروەها هیچ هەوڵێکیان بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا نەداوە.
هەروەها وتی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ڕابردووی ئێران تەنها تاکتیکێک بوو بۆ کڕینی کات، و لە هەمان کاتدا بەردەوام بوو لە پیتاندنی ئۆرانیۆم و پاڵپشتی لە گرووپە تێرۆریستییەکان و پەرەپێدانی چەکی دوورهاوێژ و دروستکردنی نائارامی لە ناوچەکەدا.
لە لایەکی دیکەوە ڕۆبیۆ ڕۆژی یەکشەممە لە دیدارێکدا لەگەڵ ئیسحاق هێرتزۆگ، سەرۆک کۆماری ئیسرائیل باسی لە ئێران کرد و ڕایگەیاند؛ ئێران وڵاتێکی خاوەن شارستانییەتێکی دەوڵەمەند و کولتوورێکی شایستەی ڕێزگرتنە، بەڵام خەڵکەکەی لە ژێر کۆنترۆڵی ئاخوندەکاندان کە وڵاتەکەیان بە ڕێگای هەڵەدا بردووە.
هەروەها ئەو ڕێژێمە، ئێرانی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دابڕاندووە و لەوەش گرنگتر ئەو وڵاتەی کردووە بە گەورەترین ناسەقامگیرکەری جیهان و لایەنگری تێرۆر و توندوتیژیش بڵاو دەکاتەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا مایکل واڵتز، ڕاوێژکاری ئەمنییەتی نەتەوەیی سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە دۆناڵد ترامپ زۆر سوورە لەسەر ئەوەی ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت.
هەروەها لە چاوپێکەوتنێکی دیکەدا واڵتز لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیووز، جەختی لەسەر هەڵوێستی پتەوی دەوڵەتی ترامپ کردەوە و وتی: ئێران نابێت لە هیچ بارودۆخێکدا چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت.