کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی کۆچبەرانی سوید ئەندامێکی خۆی بەهۆی پێوەندی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەر کرد

12:45 - 6 خاکەلێوه 2725

ناوەندی کۆچبەرانی وڵاتی سوید ڕایگەیاندووە کە یەکێک لە ئەندامەکانی خۆی بە بۆنەی پێوەندیی گوماناوی لەگەڵ دەستوپێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی، دەر کردووە.

ئەم ناوەندە لە ڕاپۆرتەکەیدا رایگەیاندووە کە پاش هۆشداریی ڕێکخراوی ئەمنییەتی سوید سەبارەت بە پێوەندییەکانی ئەم کەسە لەگەڵ ئەو شوێنانەی کە گومانی پێوەندیداربوونیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا هەیە، لە سەر ئەرکی خۆی لا بردووە.

لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا ناوەندە ئەمنییەتییەکانی سوید سەرنجێکی زیاتریان خستووەتە سەر چالاکییە مەترسیدارەکانی کۆماری ئیسلامی لەو وڵاتە.

بەرپرسانی باڵای سوید پێشتر بەپێی بەڵگەی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی وڵاتەکەیان باسیان لەوە کردبوو کە هەوڵە دوژمنکارانەکەی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتەکەیان ڕووی لە زیادبوونە.

ئۆڵف کریستێرسۆن، سەرۆکوەزیرانی سوید، لە بەفرانباری ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو کە کۆماری ئیسلامی لە بەکارهێنانی گرووپە تاوانکارەکانی وڵاتی سوید بۆ بەرەوپێشبردنی سیاسەتە توندئاژۆکانی خۆی، بەردەوامە.

پێشتر و لە بەهاری ساڵی ڕابردوودا ناوەندە ئەمنییەتییەکانی سوید ڕایانگەیاندبوو کە حکوومەتی تاران بۆ ئەنجامی کردەوەی توندوتیژانە بەرامبەر بە هاووڵاتییانی ئیسرائیلی لە سوید و چەند وڵاتی دیکە، لە گرووپە تاوانکارەکانی ئەم وڵاتە کەڵک وەردەگرێت.

پێوەندییەکانی نێوان ئێران و سوید لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی بەندکرانی ئەحمەدڕەزا جەلالی پزیشک و توێژەری ئێرانی سویدی لە تاران بە تۆمەتی سیخوڕی و هەروەها دادگاییکردنی حەمید نووری جێگری دادیاری پێشووتری بەندیخانەی گەوهەردەشت لە سوید بە تاوانی بەشداریکردنی نووری لە کۆمەڵکوژیی بەندکراوانی سیاسیی دەیەی ٦٠ی هەتاوی لە بەندیخانەکانی ئێران.