کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیگەرانیی لەمەڕ پیربوونی حەشیمەتی ئێران بە گشتی و پارێزگای کرماشان بە تایبەتی

12:46 - 6 خاکەلێوه 2725

لە حاڵێکدا هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی لەسەر سیاسەتی بەرزکردنەوەی ڕێژەی حەشیمەت لە ڕێگەی گەڵاڵەی جەوانی حەشیمەتەوە تووشی شکست بووە، نیگەرانییەکان لەسەر پیربوونی حەشمیەتی ئێران بە تایبەت پارێزگای کرماشان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت.

کارناسێکی بەشی تەندروستیی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کرماشان وتوویەتی: ''ئێران لە بەردەم قەیرانێکی جیددیی کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتوواندایە و پارێزگای کرماشان بە هۆی بەرزیی ڕێژەی پیربوونی دانیشتووان لە دۆخێکی نیگەرانکەردایە.

سوهەیلا خەزایی لە وتووێژ لەگەڵ پەیامنێری ''تەسنیم'' لە کرماشان نیگەرانی خۆی لە کەمبوونەوەی بەرچاوی ڕێژەی لەدایکبوون لە ئێران و بە تایبەت لە پارێزگای کرماشان دەربڕی و بارودۆخی ئەو وڵاتەی بە مەترسیدار وەسف کرد.

پێشتریش بێهزاد شابازی، بەرپرسی بێهزیستیی کرماشان بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی بەساڵاچووان لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی ئیسنای ڕێژیم ڕایگەیاند کە پارێزگای کرماشان پلەی ٨ی بەساڵاچووانی لە ئێراندا هەیە.

بە وتەی ئەم بەرپرسەی ڕێژیم و بە پشتبەستن بە ئاماری ساڵی ڕابردوو، ٢٤٦ هەزار کەس لە حەشیمەتی کرماشان تەمەنیان سەرووی ٦٥ ساڵە و وەک بەساڵاچوو بەئەژمار دێن کە لەم ڕێژەیە ١٣٠ هەزار کەسیان ژن و ١١٦ هەزار کەسیان پیاون.

سەرەڕای هەڵاوسان و گرانیی لەڕادەبەدەر لە ئێران و بە هۆی "نیگەرانی لە دابینکردنی داهاتووی منداڵان" حەزی بنەماڵەکان بۆ وەچەخستنەوە کەمی کردووە کە ئەمە جگە لە پیربوونی حەشیمەت لە داهاتوویەکی نزیکدا، کەمبوونەوەی لەڕادەبەدەری هێزی لاو و کار و زۆر شتی دیکەی بەدواوە دەبێ.

دۆخی داڕماوی ئابووری، نەبوونی هیچ چەشنە ترووسکە هیوایەک بۆ داهاتوو، دەستپێڕانەگیشتن بە پێداویستییە سەرەکییەکان، بێکاری، هەژاری، زەقبوونەوەی هەڵاواردن و دەیان گرفتی دیکە بووەتە هۆی ئەوەیکە پێکهێنانی ژیانی هاوبەش ڕوو لە کزی بدات.