
فواد کشاوه‌رز هونه‌رمه‌ندی ناسراو و نیشتمانپه‌روه‌ری خه‌ڵکی شاری سه‌قز که به‌هۆی به‌شداری له ڕێوڕه‌سمی نه‌ورۆزی شاری ساحێبی سه‌قز له‌لایه‌ن ئیداره‌ی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە له‌و شاره ده‌سبه‌سه‌ر کرابوو، به دانانی بارم‌ته ئازاد کرا.
به‌پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا، ڕۆژی سێشه‌ممه ٥ی خاکه‌لێوه‌ی ١٤٠٤ی هه‌تاوی، ئەم هونه‌رمه‌ندە به دانانی بارم‌ته ئازاد کراوه.
به‌پێی ڕاپۆرتی کوردپا، ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەی بووە.
ڕۆژی شه‌ممه ٢٥ی ڕه‌شه‌مه‌ی ١٤٠٣ی هه‌تاوی، فواد کشاوه‌رز له دوای به‌شداریکردنی له ڕێوڕه‌سمی به‌شکۆی شارۆچکه‌ی ساحێبی سه‌قز، به‌بێ بەڵگەی یاسایی له‌لایه‌ن هێزه سه‌رکوتکه‌ر و به‌ناو ئه‌منییه‌تییه‌کانی شاری سه‌قزه‌وه ده‌سبه‌سه‌ر کرا.
ڕۆژی هه‌ینی ٢٤ی ڕه‌شه‌مه، له شارۆچکه‌ی ساحێب سه‌ر به شاری سه‌قز ڕێوڕه‌سمی نه‌ورۆزی خاکی‌پۆشان به‌شکۆ و مانادارییه‌کی تایبه‌ته‌وە و به به‌شداریی هه‌زاران که‌س و به به‌کارهێنانی جامانه، هه‌وری، جلی خاکی و گۆڵوه‌نییه‌وه به‌ڕێوه چوو.
خاکی‌پۆشان ئه‌و په‌یڤه‌یه کە له چه‌ند مانگی کۆتایی ساڵی ڕابروودا ڕایه‌ڵه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، نێوخۆی وڵات، هێزه‌کانی پێشمه‌رگه و ته‌نانه‌ت دیاسپۆڕاشی ته‌نی و نه‌ورۆزی خاکی‌پۆشان له‌لایه‌ن هه‌موو چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستانه‌وه پێشوازییه‌کی گه‌رمی لێ کرا و به ده‌یان ڕێوڕه‌سمی هه‌زاران که‌سی له ئیلامه‌وه هه‌تا شاری ورمێ و خۆی و ماکۆ به‌ڕێوه چوو و هه‌تا ئێستاش به‌رده‌وامه.