
لە درێژەی گوشاری ناوەندە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم بۆ سەر بنەماڵە مافخوازەکانی شۆڕشی ژینا، هەموو ئەندامانی بنەماڵەی "ئەمین مەعرفەت" لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە شنۆ دەسبەسەر کران و لێپرسینەوەیان لێ کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "چاونیووز" ڕۆژی دووشەممە ٤ی خاکەلێوە، هێزەکانی ئیتلاعاتی شنۆ پاش پێوەندییەکی تلفۆنی لەگەڵ "ئەبووبەکر مەعرفەت" باوکی "ئەمین مەعرفەت" لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا، هەموو ئەندامانی ئەم بنەماڵەیان دەسبەسەر کردوون.
هێزە ەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە سەرەتادا لە ڕێگەی پێوەندیی تلفۆنییەوە باوکی شەهید ئەمینیان بانگ کردووە و دواتر لە ڕێگای پێوەندیی تلفۆنییەوە هەڕەشەیان لە دایک و خوشکەکانی کردووە و پاش بانگکران دەسبەسەریان کردوون.
چاونیووز ڕایگەیاندووە کە ئەم بنەماڵەیە پاش دوو ڕۆژ لێپرسینەوە، هەڕەشە و بێڕێزی، ڕۆژی چوارشەممە ٦ی خاکەلێوە، پاش ڕاگواستنیان بۆ دادگا بە دانانی بارمتەی ٥ میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کراون.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم بنەماڵە مافخوازە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.