
میدیاکانی سەر بە حەماس لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممەدا ڕایانگەیاند کە عەبدوللـەتیف ئەلقانوع، وتەبێژی ئەو گرووپە لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر باکووری غەززە کوژراوە. ئەو دوایین ئەندامی دیاری حەماسە کە لە کاتی عەمەلیاتەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل لەم ناوچەیەدا کوژراوە.
کاناڵی تلویزیۆنیی ''ئەلئەقسا'' سەر بە حەماس، بڵاوی کردەوە، ئەلقانوع دوای ئەوەی لە خێوەتەکەی لە جەبەلیا کراوەتە ئامانج، گیانی لەدەست داوە.
سەرچاوە پزیشکییەکان باسیان لەوە کردووە کە لەم هێرشەدا چەند کەسێکی دیکە بریندار بوون و لانیکەم ٦ کەس لە شاری غەززە و کەسێکیش لە خان یوونس لە باشووری غەززە کوژراوە.
لە سەرەتای ئەم حەفتەیەدا بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیل دوو سەرکردەی باڵای حەماس بە ناوەکانی ئیسماعیل بەرھوم و سەلاح ئەلبەردویلی کوژران.
ئیسرائیل حەفتەی ڕابردوو بە دەستپێکردنەوەی بوردومان و ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکان کۆتایی بە ئاگربەستی دوو مانگە لە غەززە هێنا و گوشارەکانی بۆ سەر حەماس بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی زیاد کرد.
ئیسرائیل و حەماس یەکتر بە پێشێلکردنی ئاگربەست کە لە مانگی ژانویەی ٢٠٢٥ لەسەری ڕێککەوتبوون، تۆمەتبار دەکەن.