
ڕۆژی چوارشەممە ٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، دایە سەعادەت ئەحمەدی، دایکی شەهیدێکی کوردستان لە گوندی سەرهوویە سەر بە شاری سنە و لە تەمەنی ٧٧ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
کوڕێکی دایە سەعادەت بە ناوی محەممەدکەریم فرووغی، لە ڕیزی شەهیدانی حیزبی دێموکراتدایە.
محەممەدکەریمی فرووغی لەدایکبووی ساڵی ١٣٤٤ لە گوندی سەرهوویە بووە. ناوبراو فەرماندەی لک بووە و لە ساڵی ١٣٧٤ی هەتاویدا لە دەرگیرییەکدا لەگەڵ هێزە دژیگەلییەکانی ڕێژیم لە بندۆڵ شەهید بووە.
دایە سەعادەت ژنێکی تێکۆشەر و بە بیروباوەڕ بوو کە دوای شەهیدبوونی کوڕەکەشی و لە ساڵانی ڕابردوودا، خزمەتی زۆری بە هیزی پێشمەرگە لە نێوخۆی کوردستان کردووە و دەرگای ماڵەکەی هەمیشە بۆ پێشمەرگە و هاوسەنگەرانی کوڕە شەهیدەکەی ئاوەڵا بووە.
دایە سەعادەت هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی کوڕە شەهیدەکەی مایەوە و هەتا ئەو کاتەی کە ژیانی کۆتایی پێ هات جامانەی کوڕە شەهیدەکەی لەسەر نەکردەوە.
تەرمی دایە سەعادەت ئەمڕۆ پێنجشەممە لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی نیشتمانپەروەری سەرهوویە و دەوروبەریدا بە خاکی پیرۆزی نیشتمان سپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.