
لێکۆلەرێکی ئەمریکایی کە بۆ ماوەی نیو سەدە بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی چاوەدێری کردووە، لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیلیدا ڕایگەیاندووە کە گونجاوترین و دروستترین چارەسەر بۆ هەڕەشەی بەرنامە ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامی، پشتیوانیکردن لە خەڵکی ئێران بۆ گۆڕینی ڕێژیمە نەک هێرش کردنەسەر بنکە ناوکییەکان.
جوودیت میلێر، براوەی خەڵاتی پوولیتزێری ڕۆژنامەوانی، بە ڕۆژنامەی "یەدیعووت ئاحارۆنووت"ـی وتووە: "بە دوور دەیبینێت کە دۆناڵد ترامپ بۆ چارەسەرکردنی هەڕەشەی بەرنامە ناوکییەکانی تاران لە دوا ڕۆژدا پشتیوانی لە بێنیامین نێتانیاهوو بکات".
میلێر زیادی دەکات کە کەسایەتیی دۆناڵد ترامپ و گرەوشتە بازرگانییەکانی لە بواری سیاسەتی دەرەکیدا وای کردووە کە کەسێکی پێشبینی نەکراو بێت.
ناوبراو ئاماژە بەوە ئەدات کە بە بڕوای ئەو هێرشێکی سەربازی ناتوانێت بە تەواوەتی بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران لە نێو ببات و تەنیا دەتوانێت بۆ ماوەیەک دوای بخات بەڵام ئەگەر ڕێژیم گۆڕینی بەسەردا بێت، دەکرێت بە تەواوەتی ئەو مەترسییە لە نێو ببرێت.
ئەم لێکۆلەرە باسی لەوە کردووە کە یەکێک لە لێکەوتەکانی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران ڕەنگە پشتیوانیکردن لە ڕێژیمی تاران بێت و بە شێوەیەک گۆڕینی ڕێژیم دواتر بخات.
لە پێوەندیی لەگەڵ ئەو بەشەی لە قسەکانی میلێر کە باسی ڕوانگەی بازرگانیی ترامپ بۆ سیاسەتی دەرەکی دەکات، هەواڵدەریی فەرانسە لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە ناتەباییەکانی دەوڵەتی ترامپ لەهەمبەر کۆماری ئیسلامی کردووە.
ئەم هەواڵدەرییە لە ڕاپۆرتەکەیدا هێناویەتی، لە کاتێکدا کە مایک واڵتز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی دەوڵەتی ترامپ ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا تەنیا بە لابردنی هەموو بەرنامە ناوکی و تەنانەت مووشەکە بالستیکەکانی ئێران ڕازی دەبێت، ئێستیڤێن ویتکاف، نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترامپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، باسی لە چاوەدێریکردن بە سەر بەرنامە ناوکییەکانی تاران کردووە و ئەم دوو هەڵوێستە دوو بابەتی لە یەک جیاواز و ناتەبا لە دەوڵەتی ترامپدان.
پێشتر جان بۆڵتۆن، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە دەوڵەتی یەکەمی ترامپدا، ڕایگەیاندبوو کە دۆناڵد ترامپ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەتۆمیی ئێران هیچ ستراتیژییەکی تایبەتی نییە و بە تەواوەتی مەترسییەکانی بابەتەکە هەست پی ناکات.