
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی پزیشکی یاسایی ئێران، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ١٤٠٣دا، هەزار و ٧٧ کرێکار بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لەدەست داوە.
بەم شێوەیە لەم ماوەیەدا مانگانە نزیکەی ٢٠٠ کرێکار و لە حەفتەیەکدا نزیکەی ٥٠ کرێکار بە هۆی ڕووداوی کار و کەمتەرخەمیی خاوەنکار و بەرپرسان گیانیان لەدەست داوە.
لەو ژمارەیە هەزار و ٦٦ کەسیان پیاو بوون و ١١ کەسیان ژن.
لە مانگی خاکەلێوە تا خەرمانانی ساڵی ١٤٠٣، پارێزگاکانی تاران بە ٢١٧ کەس، ئێسفەهان بە ٨١ کەس و مازەندەران بە ٧٠ کەس زۆرترین ژمارەی گیانلەدەستدانیان بەهۆی ڕووداوی کارەوە هەبووە.
هەروەها زۆرترین هۆکاری مردن لە ڕووداوەکانی کاردا ٤٩٨ حاڵەتی کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی، ٢٤٦ حاڵەت بەرکەوتنی شتی سفت و تیژ، ١٥٥ حاڵەت کارەباگرتوویی، ٦٥ حاڵەت سووتان و کەمیی ئۆکسیژن ٣٥ حاڵەت لە هۆکارەکانی دیکەی ڕووداوی کار بووە.
لەم ڕاپۆرتەکەدا باس لە هۆکاری گیانلەدەستدانی ٧٨ کرێکار نەکراوە.
بە بەراوردکردنی ئامارەکانی ساڵانی پێشوو، ڕێژەی مردنی کرێکاران بەهۆی ڕووداوەکانی کارەوە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ١٤٠٣دا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی پزیشکی یاسایی، ژمارەی گیانلەدەستدانی کرێکاران بەهۆی ڕووداوی کارەوە بە بەراورد بە هەمان ماوە لە ساڵی ڕابردوو (٩٣١ کەس) یانی بە ڕێژەی ١٥.٧٪ زیادی کردووە.
بە پێی داتاکانی ناوەندی ئامار، لە ساڵانی ڕابردوودا ڕێژەی گیانلەدەستدان بە هۆی ڕووداوەکانی پێوەندیدار بە کارەوە لە ئێران لە زیادبووندایە.
لە ساڵی ١٣٩٧ تا ١٤٠٢ ئەم ژمارەیە لە هەزار و ٦٢٥ کەسەوە بۆ ٢ هەزار و ١١٥ کەس زیادی کردووە، کە بە ڕێژەی ٣٠٪ زیادی کردووە.
هەروەها ژمارەی برینداربوون بە هۆی ڕووداوی کاریشەوە زیادی کردووە، لە ساڵی ١٤٠١دا ٥٪ زیادی کردبوو، بەڵام لە ساڵی ١٤٠٢دا ٢٧ هەزار و ٣٧٧ کەس کە بەهۆی ڕووداوەکانی کارەوە بریندار بوون و ڕەوانەی ناوەندەکانی پزیشکی یاسایی کرابوون.
لە ئێران ئامارەکانی وەزارەتی کار سەبارەت بە مردن بە هۆی ڕووداوەکانی پێوەندیدار بە کارەوە لە چاو ڕێکخراوی پزیشکی دادوەری کەمترە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە بەشێکی زۆر لە ڕووداوە مەترسیدارەکانی کارکردن لە دەرەوەی بازنەی یاساکانی کار و ئاسایشی کۆمەڵایەتیدا ڕوو دەدەن.
ڕەچاونەکردنی پرەنسیپەکانی سەلامەتی لەلایەن خاوەنکارەکانەوە، نەبوونی سەرپەرشتیار لە وەزارەتی تەعاون و کار و چاودێری کۆمەڵایەتی، نەبوونی جلوبەرگی ستانداردی کارکردن بۆ کرێکاران و نەبوونی ڕاهێنان بۆ کرێکاران لە گرینگترین هۆکارەکانی ڕووداوی مەترسیدار و کوشەندەی کارکردنن.
ئێران یەکێک لە وڵاتە نائەمنەکان بۆ کرێکارانە. سەلامەتی کار و پیشە لە ئێران لە ئاستێکی زۆر نزمدایە و کرێکاران بەردەوام مەترسیی مردن و برینداربوونیان لەسەرە.