
نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم لە کۆبوونەوەی لێپێچینەوە لە عەبدولناسر هیمەتی، وەزیری ئابووریی دەوڵەتی چواردەیەم، دەنگیان بە لەسەرکارلابردنی ناوبراو دا.
ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی ڕەشەمە لە کۆی ٢٧٣ نوێنەری ئامادەبوو لە مەجلیس، ١٨٢ کەس دەنگی بێمتمانەییان بە وەزیری ئابووریی دەوڵەتی پزشکییان دا.
لەم کۆبوونەوەیەدا کە مەسعوود پزشکییان بۆ پشتیوانیکردن لە وەزیری کابینەکەی لە مەجلیسدا قسەی کرد، وتی: "ئێمە لە شەڕیکی تەواو لەگەڵ دوژمنداین و دەبێت حاڵەتی شەڕ بە خۆوە بگرین و یەکتر بە خەتاباری کێشەکان نەزانین".
پزشکییان لە قسەکانیدا بە ئاماژەدان بە وتووێژکردن لەگەڵ ئەمریکا زیادی کرد کە وتووێژکردن لەگەڵ ئەمریکای بە چارەسەرێک بۆ کێشە ئابوورییەکان زانیوە بەڵام چون عەلی خامنەیی وتووێژی بە باش نەزانیوە لەم بڕیارە بە تەواوی پاشەگەز بووەتەوە.
ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە هیمەتی، هاتنەسەرکاری دۆناڵد ترامپ و سزا نوێیەکانی واشینگتۆن بۆ سەر تارانی بە هۆکاری دۆخی خراپی ئابووری ئیران زانی.
لە شەش مانگی یەکەمی دەسبەکاربوونی دەوڵەتی پزشکییان و کابینەکەی، بەهای ڕیاڵی ئێران بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکا نزیک بە ٥٠٪ دابەزینی بە خۆیەوە بینیوە.
گرانی، هەڵاوسان، داڕمانی دراوی ئێران و دۆخی قەیراناویی ئابووری، هۆکارەکانی لێپرسینەوە لە عەبدولناسر هیمەتی لەلایەن نوێنەرانی مەجلیسەوە بوو.
هەروەها لەم کۆبوونەوەیەدا عەبدولناسر هیمەتی، وەزیری لابراوی دەوڵەت، بۆ بەرگریکردن لە سیاسەتەکانی خۆی لە وەزارەتی ئابووری، دوایین ڕووداوەکانی ناوچەکە وەک ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد، لاوازبوونی حیزبوڵڵای لوبنان و هاتنەوەسەرکاری دۆناڵد ترامپی بە هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە قەڵەم دا.