کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی کەمیی پەرستار لە ئێران ژیانی نەخۆشەکانی خستووەتە مەترسییەوە

11:44 - 9 خاکەلێوه 2725

لە کاتێکدا کە سیستەمی چاودێریی تەندروستیی ئێران ڕووبەڕووی چەندین کێشە و ئاستەنگ بووەتەوە، کەمیی پەرستار لە نەخۆشخانەکانی سەرانسەری ئێران بووەتە قەیرانێکی مەترسیدار.

ئەحمەد نەجاتیان، سەرۆکی ڕێکخراوی نیزام پەرستاریی ئێران ڕۆژی هەینی ٨ی خاکەلێوە ڕایگەیاند: ئێران بە بەراورد لەگەڵ ژمارەی نەخۆشخانەکانی، ڕووبەڕووی کەمیی ١٠٠ هەزار پەرستار بووەتەوە.

نەجاتیان بە ڕەخنەگرتن لە ڕێوشوێنی سەختگیرانەی دامەزراندنی پەرستاران ڕایگەیاند: ژمارەی ئەو مۆڵەتانەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا بۆ دامەزراندنی پەرستاران دەرکراون زۆر سنووردار بووە، تەنانەت توانای قەرەبووکردنەوەی کارمەندانی خانەنشینکراویشی نییە.

ناوبراو جەختیشی کردەوە کە ساڵانە نزیکەی ٣ بۆ ٣٥٠٠ پەرستار خانەنشین دەبن، لەکاتێکدا دامەزراندنی هێزی کاری نوێ لە ساڵانی ڕابردوودا تەنیا نزیکەی ١٠ هەزار کەس بووە، کە تەنانەت توانای چارەسەرکردنی کەمییەکانیش نییە.

هەروەها نەجاتیان لەبارەی زیادبوونی بەکارهێنانی کەسانی ناپسپۆڕ لە بواری چاودێری پەرستاریدا هۆشداری دا و وتی: بەهۆی کەمیی پەرستارەوە، کەسانێک بەکار دەهێنرێن کە یان پەرستار نین یان پسپۆڕی و بڕوانامەی پێویستیان نییە.

کەمیی پەرستاران لە ئێران لەحاڵێکدایە کە محەممەد شەریفی موقەددەم بەرپرسی گشتیی ماڵی پەرستاران پێشتر سەبارەت بە دەرئەنجامەکانی کۆچی پەرستاران لە ئێران هۆشداری دابوو  و ڕایگەیاندبوو کە ساڵانە زیاتر لە ٣ هەزار پەرستار لە ئێرانەوە کۆچ دەکەن بۆ دەرەوەی وڵات.

بەرپرسانی تەندروستیی ئێران لە چەند مانگی ڕابردوودا چەندین جار لەبارەی دەرئەنجامەکانی کەمیی پەرستار هۆشدارییان داوە کە نە تەنیا بووەتە هۆی زیادبوونی باری کار و گوشار بۆ سەر ئەو پەرستارانەی کە ماونەتەوە، بەڵکوو لە هەندێک حاڵەتدا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی نەخۆشەکان لە نەخۆشخانەکاندا و ئەوە خۆی مەترسییەکی جیددییە.