کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران و ئەمریکا بە شێوەی ناڕاستەوخۆ خەریکی وتووێژکردنن

11:59 - 9 خاکەلێوه 2725

کاناڵی ١١ی ئیسرائیل لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا بە شێوەی ناڕاستەوخۆ و لە ڕێگەی عومانەوە، خەریکی وتووێژکردنن.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەم کاناڵە، عومان وڵامی کۆماری ئیسلامی بە نامەکەی دۆناڵد ترامپی ڕادەستی ئەمریکا کردووە بەڵام سەرچاوەکە زیادی کردووە کە بردنی ئەم نامەیە تاکە ڕۆڵی ئەم وڵاتە نییە و لە وتووێژە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران ڕۆڵی نێوبژیوانی هەیە.

ڕاپۆرتەکە پشتڕاستی کردووەتەوە کە ئەم دۆخەی ئێستا تا ڕادەیەکی زۆر هاوشێوەی ئەو کاتەیە کە لە ساڵی ٢٠١٥ زایینیدا ئێران و دەوڵەتی ئەوکاتی ئەمریکا ڕێککەوتنی ناوکییان واژۆ کرد.

ئەم سەرچاوە ئیسرائیلییە زیادیشی کردووە کە ڕێککەوتنی یەکەم بەبێ ئاگاداریی ئیسرائیل ئەنجام درا و دواتر بەرپرسانی ئەم وڵاتەیان لە وردەکارییەکان ئاگادار کردووەتەوە بەڵام لە ئێستادا بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل لەم پێوەندییەدا ئاگادار کراونەتەوە کە ئێران و ئەمریکا بە شێوەی ناڕاستەوخۆ دەستیان بە وتووێژ کردووە.

پێشتر عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندبوو کە نامەکەی دۆناڵد ترامپ، دەلاقەیەکی نوێی بۆ دیپلۆماسی کردووەتەوە.

ناوبراو ڕۆژی هەینی ٨ی خاکەلێوە ڕایگەیاندبوو کە ئەوان هیچ ڕێگەیەکان بۆ دیپلۆماسی دانەخستووە و جەختیشی کردەوە کە ئەگەر دەرفەتێک بێتە ئاراوە کەڵکی لێ وەردەگرن.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا و هاوکات لەگەڵ گرژبوونەوەی هەڕەشەکانی دەوڵەتی ئەمریکا سەبارەت بەوەی کە ئێران تەنیا دوو ڕێگەی لە پێشە، یان دانوستان یان هێرشی سەربازی، بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی باسیان لەوە دەکرد کە تاران هەموو ڕێگەکانی بۆ وتووێژکردن لەگەڵ ئەمریکا دانەخستووە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە هەر چەشنە وتووێژێک لەگەڵ دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ هەڵە و ناڕەوایە.