کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ئەمریکا: ڕێژیمی ئێران یەکێک لە خراپترین پێشێلکارانی مافەکانی مرۆڤ لە جیهانە

12:17 - 9 خاکەلێوه 2725

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وڵامی پرسیاری ڕۆژنامەوان ڕەحیم ڕەشیدی ناسراو بە ''مستەر کورد'' لەمەڕ ئاگاداریی لە دەسبەسەریی زۆرێک لە چالاکییە مەدەنییەکان لە کوردستانی ئێران بەهۆی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزدا وتی: ''بەڵێ، ئێمە ئاگاداری ئەو ڕاپۆرتانەین کە باس لەوە دەکەن ڕێژیمی ئێران کوردانی ئێرانی بەهۆی بەشداریکردن لەو ئاهەنگانەدا دەسبەسەر کردووە.''

تامی بروس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە وتی کە ڕێژیمی ئێران یەکێک لە خراپترین پێشێلکارانی مافەکانی مرۆڤ لە جیهانە، ڕێژیم بۆ پاراستنی دەسەڵات دەچەوسێنێتەوە و  ئازادییە بنەڕەتییەکانیان کەم دەکاتەوە. لە ئێراندا ئازادیی ڕادەربڕین، کۆبوونەوەی ئاشتییانە و ئایین بە تەواوی پشتگوێ دەخرێن.''

نابراو باسی لەوە کرد کە ڕێژیم بە ناڕەوا لە هەموو وڵاتێکی تر خەڵک زیاتر لە سێدارە دەدات، ئەندامانی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان پەراوێز دەخات و تاکتیکی وەک گرتن و ئەشکەنجەدان و پێشێلکارییەکانی دیکە بۆ ترساندنی نەیارانی سیاسی و وەستاندنی ناڕەزایەتییەکان بەکار دەهێنێت.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە وتیشی ''ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتیوانی و بەرگریکردن لە مافی مرۆڤی خەڵکی ئێران لە بەرامبەر بەردەوامیی پێشێلکارییەکانی ڕێژیم بۆ مافەکانی مرۆڤ و سەرکوتی پاوانخوازانە.''