
بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا سپاس و پێزانینی خۆی بۆ دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، بەهۆی ناردنی چەکوچۆڵی نوێ بۆ ئەم وڵاتە دەربڕی.
نێتانیاهوو لە گرتە ڤیدیۆیەکدا دۆناڵد ترامپ بە باشترین دۆستی ئیسرائیل لە کۆشکی سپیدا دەزانێت و دەڵێت: "سەرۆککۆماری ئەمریکا بە ناردنی ئەو چەکوچۆڵانەی کە لەلایەن دەوڵەتی پێشووی ئەمریکاوە ڕاگیرابوو، دۆستایەتی خۆی بۆ ئیسرائیل دەرخست و بەم شێوەیە پێداویستییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە بەرەی تێرۆری ئێران کەوتە دەستی ئیسرائیل".
دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ ڕۆژی شەممە ١١ی ڕەشەمە ڕایگەیاندبوو کە گرێبەستێکی بۆ ناردنی چەکوچۆڵ بۆ ئیسرائیل بەبێ لێکۆڵینەوەی کۆنگرە پەسەند کردووە.
بەپێی زانیاری سەرچاوە ڕۆژاواییەکان ئەم چەکوچۆڵانە بریتین لە کۆمەڵێک سیستمی ئاراستەکردن کە بۆمبە سەنگەرشکێنەکان دەکات بە بۆمبگەلێکی زیرەک و دەکرێت ئەم بۆمبانە بۆ شوێنی تایبەت ئاراستە بکرێت.
لە مانگی ڕێبەندانیشدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕەزامەندیی خۆی لەهەمبەر فرۆشتنی کۆمەڵێک چەکی وەک مووشەکەکانی "هێڵ فایەر" بە ئیسرائیل، دەربڕی.
هەر چەند کە ڕوون نییە نێتانیاهوو ڕەزامەندیی دەوڵەتی ترامپی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەم چەکە پێشکەوتووانە وەرگرتبێ یان نا، بەڵام سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێشتریش پشتیوانیی ئەمریکای بۆ ئەم هێرشە بە بابەتێکی پێویست زانیبوو.
پشتیوانییەکانی کۆشکی سپی پاش هاتنەسەرکاری دەوڵەت و کابینەی نوێ لە ئەمریکا بۆ ئیسرائیل پەرەی سەندووە.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وەک یەکەمین ڕێبەری وڵاتان، مانگی ڕابردوو بانگهێشتی واشینگتۆن کرا و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریکا چاوپێکەوتنی هەبوو.
سەرەکیترین بابەتی چاوپێکەوتنەکانی نێتانیاهوو لەم سەردانەدا، مەترسییەکانی دەسپێڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە چەکی ئەتۆمی بوو.
دۆناڵد ترامپ و بێنیامین نێتانیاهوو بە ڕاشکاوی باسیان لەوە کردووە کە ڕێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی کۆمەڵکوژی ئەتۆمی.