کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، لە مەڵبەندی ١ی کوردستان بەرز ڕاگیرا

11:00 - 10 خاکەلێوه 2725

ڕۆژی شەممە ٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، بە بەشداریی ژمارەیەک لە ئەندامانی ڕێبەریی حیزب، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، کادر و پێشمەرگە و بنەماڵەکانی دێموکرات، یادی ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لە مەڵبەندی ١ی کوردستان بەرز ڕاگیرا.

سەرەتا لەلایەن کاک مانی هۆرمۆزی، پێشکەشکاری ڕێوڕەسمەکەوە بەخێرهاتنی بەشداربووان کرا.

ڕێوڕەسمەکە لەسەر گۆڕی شەهیدانی حیزب لە گۆڕستانی جێژنیکان بە ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

دواتر پەیامی ناوەندی کۆمەڵایەتیی حیزب لەلایەن محەممەدعەلی نەعیمی بەرپرسی بەشی کۆمەڵایەتیی مەڵبەندی ١ی کوردستانەوە خوێندرایەوە.

دواتر کاک سمایل ئەرجومەندی ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هاوڕێ لەگەڵ ناسر شابۆیی کادری حیزب و برای شەهید سیامەند شابۆیی تاجەگوڵینەیەکیان لەسەر مەزاری شەهید سیامەند شابۆیی دانا.

لە بەشێکی دیکەدا پەخشانێک لە وەسفی شەهید لەلایەن مامۆستا بێبەش پیرۆتییەوە پێشکەش کرا.

لە بڕگەی دواتردا سروودێک کە لەلایەن گرووپی سروودی یەڵداوە لە ژێرناوی "ئەی شەهیدان" ئامادەکرابوو پێشکەش کرا.

دواتر پەخشانێک لەلایەن هانی هۆرمۆزی کچی شەهید ئیدریس هۆرمۆزییەوە پێشکەش کرا.

لە بڕگەی ئاخری ڕێوڕەسمەکەدا، بەشداربووان سەردانی پیشانگای وێنەی شەهیدانیان کرد و بۆ جارێکی دیکە پەیمانی وەفاداری بە ڕێبازی پڕ سەروەریی شەهیدانیان نوێ کردەوە.