کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەحمەد شەرع کابینەی دەوڵەتی نوێی سووریەی ڕاگەیاند

11:02 - 10 خاکەلێوه 2725

ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری نوێی سووریە، شەوی شەممە ٩ی خاکەلێوە، کابینەی دەوڵەتەکەی لە ڕێوڕەسمێکدا لە دەمیشقی پێتەختی سووریە ڕاگەیاند.

ڕێبەری نوێی سووریە لە کابینەکەیدا کەسانی نزیک بە خۆی وەک ئەسعەد ئەلشەیبانی لە وەزارەتی دەرەوە و مەرهەف ئەبووقەسرە لە وەزارەتی بەرگری، هێشتووەتەوە و هەروەها بەشێکی دیکە لە بەرپرسایەتییە گرینگەکانی دەوڵەتی ڕادەستی هاوپەیمانانی نزیک بە خۆی کردووە.

ناوبراو کابینە ٢٣ کەسییەکەی لە ژنێک و وەزیرێکی کورد و هەروەها کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکانی دیکەی سووریە پێک هێناوە.

لە ماوەی ڕابردوو و بەتایبەتی پاش کوشتنی سەدان کەس لە عەلەوییەکانی سووریە، گوشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ئەحمەد شەرع چڕتر بوویەوە تاکوو لە کابینەکەیدا لە هەموو کەمینەکانی سووریە کەڵک وەربگرێت و دەوڵەتێکی فرەچەشن پێک بهێنێت.

سەرۆککۆماری نوێی سووریە لە ڕێوڕەسمەکەدا دەوڵەتی نوێی سووریەی بە دەوڵەتی ئاڵوگۆڕ و ئاوەدانی ناودێر کرد و ڕایگەیاند کە لە بەرامبەر گەندەڵی دەوەستێتەوە و لە هەموو بوارەکاندا چاکسازی دەست پێ دەکات.

ئەحمەد شەرع کە پێشتر بە ناوە جیهادییەکەی، ئەبوومحەممەد ئەلجوولانی دەناسرا، لە ماوەی ڕابردوودا یاسای بنەڕەتیی سووریەی بۆ ماوەی کاتیی ٥ ساڵی داهاتوو، واژۆ کرد.

بە بڕوای کارناسان و چاوەدێرانی مافی مرۆڤ ئەم یاسایە دەسەڵاتێکی بەربڵاو و ئاوەڵا بە سەرۆککۆماری سووریە واتا ئەحمەد شەرع بەتایبەتی لە بواری دیاریکردنی بەرپرسانی باڵای دەزگای یاسادانەر و دادوەریی وڵات، دەبەخشێت.