کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا گوشار بۆ سەر هاوپەیمانەکانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کۆماری ئیسلامی و ڕووسیە زیاد دەکات

11:03 - 10 خاکەلێوه 2725

ڕۆژنامەی ''واشنگتۆن پۆست'' بە ئاماژەدان بە بەڵگەنامەیەکی نهێنی ڕایگەیاندووە، وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە ئامانجی گرینگیدان بە هەڕەشەکانی چین و بەرگری لە خاکی ئەمریکا، داوای کەمکردنەوەی بوونی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکانی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زیادکردنی ڕۆڵی هاوپەیمانان لە کۆنترۆڵکردنی هەڕەشەکانی ڕووسیە و کۆماری ئیسلامی و کۆریای باکووری کردووە.

ڕۆژنامەی واشنگتۆن پۆست ڕۆژی شەممە ٩ی خاکەلێوە نووسیویەتی، ئەو بەڵگەنامەیە کە لەژێر ناوی "ڕێنمای کاتیی ستراتێژیی بەرگریی نیشتمانی" لە ناوەڕاستی مانگی ڕەشەمەدا واژۆ کراوە و بەسەر وەزارەتی بەرگریدا دابەش کراوە، بە وەسفکردنی ڕوانگەی دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ، جەخت لەسەر ئامادەکاری بۆ ئەگەری ململانێ لەگەڵ چین و ڕێگریکردن لە دەسبەسەرداگرتنی تایوان دەکاتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی واشنگتۆن پۆست کۆمیتەی ئەمنییەتی نیشتمانیی کۆنگرە ئەو ڕێنماییەی وەرگرتووە و بەشێک لە کۆمارییەکان و دێموکراتەکان بە "سەرلێشێواو" وەسفیان کردووە.

بە وتەی یەکێک لەو ڕاوێژکارانەی کۆنگرە کە پێداچوونەوەی بەم بەڵگەنامەیەدا کردووە، لە لایەک ئەم ڕێنماییە ئاماژە بە پێویستیی کەمکردنەوەی بوونی نیزامیی ئەمریکا لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان دەکات، بەڵام لە لایەکی دیکەوە هێشتا جەخت لەسەر نیشاندانی هێز لە دژی حوسییەکانی یەمەن و گوشارەکانی سەر ئێران دەکاتەوە.

هەروەها ڕێنماییەکە تیشک دەخاتە سەر ئەرکەکانی بەرەنگاربوونەوەی تێرۆر دژی ئەو گرووپانەی کە توانا و ویستی هێرشکردنە سەر ئەمریکایان هەیە.

بەپێی ئەو بەڵگەنامەیە، ئەمریکا لە ئەگەری هێرشی ڕووسیە بۆ سەر ئورووپا پاڵپشتییەکی بەرچاوی سەربازی ناکات، بەڵکوو دەوڵەتی ترامپ گۆشار دەخاتە سەر هاوپەیمانانی ناتۆ کە بە شێوەی سەربەخۆ بەرگری لە ناوچەکە بکەن.