
ڕێبه‌ری حیزبوڵڵای لوبنان هۆشداری داوه که ئه‌گه‌ر ئیسرائیل له هێرش بۆ سه‌ر ئه‌و گرووپه به‌رده‌وام بێت، ئه‌وانیش دژکرده‌وه‌یان ده‌بێت.
نه‌عیم قاسم، ڕێبه‌ری حیزبوڵڵای لوبنان، ڕۆژی شه‌ممه ٩ی خاکه‌لێوه هۆشداری دا کە ئه‌گه‌ر ئیسرائیل لە هێرشه‌کانی بۆ سه‌ر لوبنان به‌رده‌وام بێت و ده‌وڵه‌تی ئه‌و وڵاته هه‌وڵێکی پێشگیرانه بۆ ڕێگری له‌و هێرشانه نه‌گرێته به‌ر، بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئه‌و هێرشانه چه‌ند خاڵێکی دیکه له‌به‌ر ده‌ستدایه.
ئه‌و قسانه‌ی نه‌عیم قاسم له کاتێکدایه که ئیسرائیل بۆ یه‌که‌مجار له دوای دوایین شه‌ڕی له‌گه‌ڵ حیزبوڵڵا له مانگی نۆڤامبردا، هێرشی کرده سه‌ر به‌یرووتی پێته‌ختی لوبنان.
شایانی باسه نه‌عیم قاسم بڕیار بوو ڕۆژی هه‌ینی به‌بۆنه‌ی ڕۆژی قودسه‌وه لێدوان بدات به‌ڵام له ترسی هێرشی ئیسرائیل‌دا لێدوانەکەی بۆ کاتێکی نادیار وه‌دوا خست.
ناوبراو له لێداونێکی میدیاییدا وتی: "ئه‌و هێرشه‌ی ئیسرائیل ته‌نیا پێشێلکردنی ڕێککه‌وتننامه‌ی ئاگربه‌ست نییه، به‌ڵکوو ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر هه‌موو سنووره‌کانە" و "وا بیر ده‌که‌ینه‌وه که ئیسرائیل خه‌ریکه له‌و ڕێگه‌یه‌وه گوشار بۆ لوبنان دێنێت هه‌تا پێوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌دا ئاسایی بکاته‌وه و ئه‌وه‌ش له‌لای حیزبوڵڵاوه ڕه‌ت ده‌کرێته‌وه."
ئه‌رته‌شی ئیسرائیل ڕۆژی هه‌ینی ٨ی خاکه‌ڵێوه‌ی ١٤٠٤ی هه‌تاوی، هێرشی کرده سه‌ر چه‌ند بنکه‌یه‌کی حیزبوڵڵا له ناوچه‌یه‌کی باشووری به‌یرووتی پێته‌ختی لوبنان.
ئه‌و هێرشه‌ی ئیسرائیل بۆ سه‌ر حیزبوڵڵا له کاتێکدایه که ئه‌رته‌شی ئیسرائیل هوشداریی جیددیی به خه‌ڵکی چه‌ند ناوچه به‌تایبه‌ت دانیشتووانی ده‌وروبه‌ری به‌یرووت دابوو که به زووترین کات چۆڵی بکه‌ن و ڕایانگه‌یاند: "ئه‌و هێرشه له وڵامی هێرش بۆ سه‌ر باکووری ئیسرائیل بووه".
وته‌بێژی ئه‌رته‌شی ئیسرائیل له دوای پشتڕاستکردنه‌وه‌ی هێرشه‌که ڕایگه‌یاند: "هێرشمان کردووه‌ته سه‌ر ژێرخانی پاشه‌که‌وتی دڕۆنه‌کانی حیزبوڵڵا له ناوچه‌ی زاحییه له باشووری به‌یرووت".
ئه‌رته‌شی ئیسرائیل هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: " ژێرخانه دڕۆنییه‌کانی حیزبوڵڵا له ناوه‌ندی حه‌شیمه‌تی خه‌ڵکی ئاسایی‌دا پاشه‌که‌وت کراون و ئه‌وه‌ش که‌ڵکاژۆوه‌رگرتن له خه‌ڵکی مه‌ده‌نی بۆ دروستکردنی قه‌ڵغانی مرۆیی له‌لایه‌ن حیزبوڵڵایه".