
لە ڕۆژی ٢٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٣دا، ژنێک بە ناوی تەڵا کەریمی کە تووشی نەخۆشیی سی بووە، لەلایەن بنەماڵەکەیەوە دەگەیەندرێتە نەخۆشخانەی کەوسەری سنە، بەرپرسانی ئەم نەخۆشخانەیە بە هۆی نەبوونی ئیمکاناتی پێویست ئەم ژنە ڕەوانە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی تەوحیدی ئەم شارە ئەکەن.
بە وتەی شایەتحاڵان پشکنین بۆ ئەم ژنە لەلایەن بەرپرسانی ئەم نەخۆشخانەیە دواخراوە بۆ ڕۆژی دواتر کە لە ئاکامی ئەم کەمتەرخەمییەدا، ئەم ژنە لە ڕۆژی ١ی خاکەلێوەی ١٤٠٤دا کۆچی دوایی دەکات.
مامۆستا محەممەدڕەئووف کەریمی، هاوسەری ئەم ژنە، کە پێشنوێژی گوندی برایم ئاوای دیواندەرەیە، دوابەدوای مەرگی هاوسەرەکەی، بە هۆی کەمتەرخەمییەکانی بەرپرسان لە ئاست گیان و ژیانی خەڵک، ڕوو لە دادگای ئینقلابی سنە، سکاڵایەکی تۆمار کردووە.
ناوبراو لەم سکاڵایەدا کە نوسخەیەکی بە کوردستان میدیا گەیشتووە، جیا لە مافخوازی بەنیسبەت گیانلەدەستدانی هاوسەرەکەی ئاماژەی بە چەند خاڵێکی دیکە کردووە.
ئەوەی لە دەقی سکاڵاکەدا بەرچاو دەکەوێ ئەوەیە کە بە وتەی ئەم مامۆستایە، زێڕەکانی هاوسەرەکەی لە نەخۆشخانەدا لێی دزراون و جیا لەمەش لەلایەن کادری نەخۆشخانەکەوە، بێڕێزییان پێ کراوە و کاروباری پێدانی مۆڵەتی بەخاکسپاردنەکەش بە ئەنقەست دوا خراوە.
تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە ئەنجامی سکاڵاکە لەبەردەستدا نییە.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین حاڵەتی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی نەخۆشخانەکان لە پێوەندی لەگەڵ نەخۆشەکاندا ڕووی داوە کە بەداخەوە گیانلەدەستدانی هاووڵاتییانی لێ کەوتووەتەوە و هیچ ناوەندێکی ڕێژیم لەمبارەوە وڵامدەر نەبووە.