
نەفتالی بێنێت، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل، ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی خاکەلیوە خوازیاری وڵامدانەوە بە هێرشی حوسییەکان لە ئێران بوو.
بێنێت ڕایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی پشتیوانی ماڵی، لۆجیستیکی و سیاسیی حوسییەکانی یەمەنە و ئیسرائیل دەبێت لە جیاتی حوسییەکان هێرش بکاتە سەر ئێران.
ناوبراو جەختی کردووەتەوە کە لە ئێستادا دەکرێت زیاتر خەسار بە کۆماری ئیسلامی بگەیەندرێت تاکوو حوسییەکان، بۆیە باشتر وایە کە لە جیاتی وڵامدانەوە بە هاویشتنی مووشەک لەلایەن حوسییەکانەوە، هێرش بکرێتەوە سەر ئێران.
هاوکات ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە موشەکێکی بالستیکی حوسییەکانی یەمەنی خستووەتە خوارەوە.
مووشەکەکە لە سەنعا، پێتەختی یەمەنەوە بەرەو ئیسرائیل هاوێژرابوو.
پاش دەسپێکی شەڕ لە غەززە بەهۆی هێرشی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ١٥ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی، حوسییەکانی یەمەن هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل و هەروەها کەشتییە بارهەڵگرەکان لە دەریای سوور دەست پێ کرد.
ئەم گرووپە میلیشیایەی سەر بە تاران ڕایگەیاندووە کە بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە حەماس، ئەم هێرشانە ئەنجام ئەدات.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئەرتەشی ئەمریکا چەند هێرشێکی بەربڵاوی بۆ سەر بنکە و کۆگاکانی چەکوچۆڵی ئەم گرووپە ئەنجام دابوو.
هەروەها دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە بەرپرسیاری هێرشی حوسییەکان، کۆماری ئیسلامییە و دەوڵەتی ئەمریکا وڵامی هێرشی ئەم گرووپە بە ئێران ئەداتەوە.
هەرچەند کە تاکوو ئێستادا هیچ وڵامێک بەهۆی هێرشی حوسییەکانەوە بە ئێران نەدراوەتەوە.
بەرپرسانی تاران دەڵێن کە حوسییەکان بۆ خۆیان بڕیاردەری هەوڵەکانیانن و سەربەخۆ ئەم هێرشانە ئەنجام ئەدەن.
ئەمە لەکاتێکدایە زۆربەی ئەو چەکوچۆڵانەی کە حوسییەکانی یەمەن بەکاری دێنێن دروستکراوی ئێرانە.