کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەسێدارەدرانی ٢١ بەندکراوی کورد لە مانگی ڕابردووی زایینیدا لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە

19:17 - 13 رەشەمه 2724

لە مانگی فێڤریەی ٢٠٢٥دا لانیکەم ٨٨ بەندکراو لەوانە ٢١ بەندکراوی کورد کە ٢٤ لەسەدی هەموو لەسێدارەدراوان لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە سێدارە دراون کە ئەم ئامارە بە بەراورد لەگەڵ ماوەی وێکچوو لە ساڵی ڕابردوودا، بەرزبوونەوەی ٧٨ لەسەدی نیشان دەدات.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆیی هەنگاو، لە مانگی ڕابردووی زایینیدا لانیکەم سزای لەسێدارەدانی ٢١ بەندکراوی کورد، ١٤ بەندکراوی لوڕ، ٩ بەندکراوی تورک، ٧ بەندکراوی بەلووچ، ٥ بەندکراوی ئەفغانستانی، ٥ بەندکراوی گیلەک و مازەندەرانی، بەندکراوێکی تات و تورکمەن، ٢٢ بەندکراوی فارس و ٣ بەندکراو کە شوناسیان ناڕوونە جێبەجێ کراوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لانیکەم ٣ ژن لە بەندیخانەکانی خوڕەماوا، ساری و شیراز لە سێدارە دراون کە هەر سێکیان پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست بە لەسێدارەدران سزا درابوون.

لە مانگی فێورییەدا زیاترین لەسێدارەدانەکان کە ٤١ حاڵەتن و  ٤٦.٥ لەسەدی هەموو ڕێژەی لەسێدارەدانەکانن، پێوەندییان بە تاوانەکانی ماددەی هۆشبەرەوە بووە و پاش ئەوەش کوشتنی بەئەنقەست بە ٣١ حاڵەتەوە، دەستدرێژی سێکسی بە ٦ حاڵەتەوە و دزیی چەکدارانە بە ٣ حاڵەتەوە لە ڕیزەکانی دواتردان.

بەگشتی لە ٨٨ بەندکراو کە لە مانگی فێوریەدا لە سێدارە دراون، تەنیا ٦ حاڵەتیان لەلایەن ناوەندە فەرمییەکانی ڕێژیم و ماڵپەڕەکانی سەر بە هێزی بەناو دادوەرییەوە ڕاگەیەندراوە.

سزای لەسێدارەدانی ٤ بەندکراو بە نهێنی و بە بێ ئاگادریی بنەماڵەکانیان و بە بێ مافی ئاخرین چاوپێکەوتن جێبەجێ کراوە و بەندکراوێکیش لە بەرچاوی خەڵکەوە لە سێدارە دراوە.