
لە درێژەی گوشارە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بۆ سەر هاووڵاتییان و تێکۆشەرانی کوردستان، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری نەغەدە بۆ تێپەڕاندنی سزای سەپێندراوی زیندانیکردن بانگی لقی سزاکانی دادستانیی گشتی و ئینقلابی ڕێژیم لە شارەی نەغەدە کرا و پاشان بۆ زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا"، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "محەممەد ئەمینی فەر (جۆخۆر) تەمەن ٤٠ ساڵ، خەڵکی گوندی "عەلی ئاوا"ـی سەر بە شاری نەغەدە کە پێشتر لەلایەن دەزگای دادی ڕێژیمەوە سزای ٢ ساڵ و ٥ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرابوو، بۆ تێپەڕاندنی سزاکەی بانگ کرا و دواتر بۆ زیندانی ئەو شارە گواستراویەوە.
ئەم هاووڵاتییە کوردە پێشتر لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە شاری مەهاباد بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم و بڵاو کردنەوەی پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم" بە ٢٩ مانگ زیندانی سزا درابوو.
هێزەکانی ڕێژیم لە ڕێکەوتی ١١ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٢ بە شێوەیەکی توندوتیژانە هێرشیان کردە سەر ماڵی ناوبراو و دەسبەسەریان کرد و پاشان بۆ یەکێک لە ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیم لە ورمێ ڕاگوێزرا، و دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتەی ٢ ملیارد تمەنی بە شێوەیەکی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.
لە ساڵانی ڕابردوودا ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران گوشاری زۆری خستووەتە سەر هاووڵاتییانی کورد، بە تایبەتی گوشارەکان بە تۆمەتی سیاسی و پێوەندی لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕێژیم بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە ئەو سزایانەی کە لە دادگا نمایشییەکانی ڕێژیم بۆ چالاکوانان و هاووڵاتییانی کورد دەر دەکرێن، زیاتر بە بێ ڕەچاوکردنی پێوەرەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانەن و بە پشتبەستن بەو دانپێدانانەن کە لە ژێر گوشار و ئەشکەنجەدا لێیان وەرگیراون.